بە تۆمەتی ساختەكاریی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەت و بەكارهێنانی فەرمانی ساختە، ئیبراهیم نامس جبووری وەزیری پەروەردەی حكوومەتی عێراق دادگایی دەكرێت.
دادگای لێكۆڵینەوەی رومادی سەربە سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنبار، لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی عەزم، فەرمانی بانگهێشتكردن و ئامادەبوون لە بەردەم دادگای بۆ ئیبراهیم نامس جبووری وەزیری پەروەردەی عێراق دەركردووە، پێویستە لە ماوەی سێ رۆژدا لە بەردەم دادوەر ئامادە بێت.
تۆمەتەكانی سەر وەزیری پەروەردە، بەپێی مادەكانی (289/298) لە یاسای سزادانی عێراقییە، لەسەر ساختەكردنی بەڵگەنامەی فەرمی دەوڵەت و بەكارهێنانی بەڵگەنامە و فەرمانی ساختە، سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، ئەگەر لە ماوەی دیاریكراودا ئامادەی بەردەم دادگا نەبێت، فەرمانی بانگهێشتكردنەكەی دەگۆڕێت بۆ فەرمانی گرتن.
لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە، بەشێكی لایەنە سوننییەكان كێشەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە هەیە، بەتایبەتی كە تۆمەتی ساختەكردنی بەڵگەنامەی دابووە پاڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای عێراق و پەرلەمانتار، لەناویاندا ئەحمەد جبووری، ئاشكرای كردبوو زیاتر لە 450 بڕوانامەی ساختەیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا ئاشكرا كردووە.
پێش لەكارخستنی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند جارێك داوای كردبووە كە ئیبراهیم نامس جبووری وەزیری پەروەردە، بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت بۆ لێپرسینەوە، بەڵام لە هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو.