بەپێی داتاكانی كۆمپانیای مێتا، لە ماوەی 30 رۆژدا ملیۆنێك و 400 هەزار دۆلار لە عێراق بۆ سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرج كراوە، زۆرترین پارەش گرووپە میلیشیاكانی شیعە خەرجی دەكەن.
بەپێی داتاكانی كۆمپانیای مێتا كە خاوەندارێتی تۆڕەكانی فەیسبووك، ئینستاگرام و وەتسەپ دەكات، لە 24ـی ئەیلوول بۆ 23ـی تشرینی یەكەمی 2025 لە سەرانسەری عێراقدا، ملیۆنێك و 424 هەزار و 963 دۆلار خەرج كراوە.
بەپێی داتاكان بڕی خەرجكردنی پارە لە سپۆنسەركردنی پۆستە سیاسییەكان لە ئاستی پارێزگاكاندا، رەنگدانەوەی ململانێ سیاسییەكانە، بەشێوەیەك ئەو بازنانەی زۆرترین ململانێی سیاسییان تێدایە، زۆرترین پارەیان تێدا خەرج كراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، پەیجی بزووتنەوەی حقووق كە سەر بە كەتائیبی حزبوڵایە، لە ئاستی عێراقدا زۆرترین پارەیان لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی خەرج كردووە كە بڕەكەی 13 هەزار و 590 دۆلار بووە.
لە پلەی دووەمیشدا پەیجی مەحموود حوسێن دێت كە بڕی 12 هەزار و 611 دۆلاری خەرج كردووە، پلەی سێیەم پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەسرە دێت كە بە بەهای 12 هەزار و 577 دۆلار سپۆنسەرییان كردووە.
پەیجی هاوپەیمانیی سقورنا بە خەرجكردنی 10 هەزار و 836 دۆلار لە پلەی چوارەم دێت، لە پلەی پێنجەم پەیجی راگەیاندنی هاوپەیمانی سقورنا دێت كە بە بەهای 10 هەزار و 836 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر كردووە.
پەیجی بزووتنەوەی حقووق – بەغدا، بە خەرجكردنی هەشت هەزار و 984 دۆلار لە پلەی شەشەم دێت، لە پلەی حەوتەم پەیجی هاوپەیمانی سقورنا - دیالە دێت كە بە بەهای هەشت هەزار و 734 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر كردووە.
پەیجی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە پلەی هەشتەمە كە بڕی هەشت هەزار و 502 دۆلاری خەرج كردووە، لە پلەی نۆیەم پەیجی نووری ئەحمەد رەحیم شەمەری كاندیدی لیستەكەی سوودانی دێت كە بڕی حەوت هەزار و 369 دۆلاری خەرج كردووە، لە پلەی دەیەم پەیجی هاوپەیمانی سادقوون - بەسرە دێت كە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە و قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتیی دەكات. لەو ماوەیەدا حەوت هەزار و 20 دۆلاری خەرج كردووە.
هاوكات پارتە سیاسییە كوردستانییەكان و كاندیدەكانیان لە ئاستی عێراق، بۆ خەرجكردنی پارە لە سپۆنسەری پۆستی سیاسیدا بەراورد بە لایەنە عێراقییەكان و بەربژێرانیان، پارەیەكی كەمتریان خەرج كردووە.
خەرجكردنی ئەم پارەیە لە كاتێكدایە هێشتا بانگەشەی هەڵبژاردن نزیكەی دوو هەفتەی ماوە، چاوەرێ دەكرێت لەم ماوەدا هەڵمەتەكە گەرمتر بكرێت و پارەیەكی زۆرتر لە پۆستی سپۆنسەری پەیجەكاندا خەرج بكرێت.