ژماره‌یه‌ك خێزان له سه‌رانسه‌ری عێراق پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانیان له ئۆكرانیا پچڕاوه. كوڕه‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندیی رووسیا شه‌ڕ دژی ئۆكراینا ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له خێزانه‌كان به شه‌فه‌ق نیوزی راگه‌یاند، خێزانێك له زیقار شه‌ش هه‌فته‌یه پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یان له رووسیا نه‌ماوه و هه‌واڵی كوشتن‌یان به‌رگوێ ده‌كه‌وێت، هاوكات خێزانێكی تری باشووری عێراق ئاشكرایان كردووه كوڕه‌كه‌یان له به‌ره‌ی جه‌نگی رووسیا و ئۆكراینا بریندار بووه.
هه‌ندێك خێزان بڕیاریان دا كوشتنی كوڕه‌كانیان بشارنه‌وه، گوتیان به رووداوی هاتوچۆ یان شتی تر مردوون، به‌ڵام هه‌ندێك خێزانی تر هانایان بۆ باڵوێزخانه‌ی عێراق له مۆسكۆ بردووه، بڕیار وایه ئه‌م هه‌فته‌یه وه‌ڵامیان بداته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن له 2022ه‌وه نزیكه‌ی پێنج هه‌زار عێراقی چوونه‌ته پاڵ سوپای رووسیا، زۆربه‌شیان هه‌ڵخه‌ڵێنراون یان زۆریان لێ كراوه. به‌گوێره‌ی یاساكانی رووسیا، هه‌ر كه‌سێكی بیانی زمانی وڵاته‌كه به پاراوی بزانێت، ده‌توانێت خۆی بۆ سوپا ناونووس بكات، مانگانه دوو هه‌زار و 500 بۆ سێ هه‌زار دۆلار وه‌ربگرێت.