دەم پارتی: قۆناغی یەكەم كۆتاییهات و قۆناغی دووەمی پرۆسەكە دەست پێ دەكات

:: AM:11:57:27/10/2025 ‌
دوای ئەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان هێزەكانی لە باكوری كوردستان كێشایەوە، هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە رایان گەیاند، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە كۆتایی هاتووە و دووپاتیان كردەوە كە "بڕیاری ئاشتیمان تاهەتایە."

تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە كرد كە دوای راگەیەنراوەكەی پەكەكە بۆ گواستنەوەی پرۆسەكە بۆ قۆناغی دووەم، ئێستە كاتی ئەوە هاتووە كە بە هەنگاوی یاسایی و سیاسی بەرەو ئاشتییەكی كۆمەڵایەتی بچن.

باكرهان گوتی: "ئێستە لە قۆناغی دووەمیداین و ئەم قۆناغەش گرنگترە. ئەم قۆناغە هێندەی قورسییەكەی مانادارە. پێویستە پەرلەمان ئەم دۆخە ئاسانتر بكات و پەرەی پێ بدات. دەبێت رێكخستنی یاسایی بۆ ئەم قۆناغە گواستنەوەیە بكرێت، چونكە ئەمانە تەنیا رێكخستنی تەكنیكی نین، بەڵكو بناغەی ئاشتیش دەبن."

هاوسەرۆكی دەم پارتی بڕیارەكەی بە "مێژوویی" ناو برد و رای گەیاند، ئەو بڕیارە هیوای 86 ملیۆن كەس بوو. دەرگایەك كراوەتەوە و پێویستە سیاسییەكانی توركیا  سوودی لێ ببینین."

هەروەها بانگەوازی ئاراستەی هەموو لایەنەكان كرد و گوتی: پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و دەبێت میدیا واز لە زمانی زبر بهێنێت و بە زمانی ئاشتی قسە بكات.

لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە: "بە هیچ شێوەیەك واز لە ئاشتی ناهێنین، با هەموو كەسێك ئەمە باش بزانێت."



وشە - سۆران عەزیز