"هەڵبژاردنی عێراق بووەتە بازاڕێك بۆ پارەی سیاسی و تایفەیی"

:: PM:08:32:27/10/2025 ‌

ئێستە عێراق یەكێك لە پڕتێچووترین هەڵمەتی هەڵبژاردن لە مێژووی نوێی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەوەش دوای ئەوەی كێبەركێی هەڵبژاردن بووەتە بازاڕێكی كراوە بۆ خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لە بانگەشەی ناچەیی و تایفەیی، هاوكات لە ناو بێتەواناییەكی زۆری لایەنی چاودێریكار بۆ كۆنترۆڵكردنی خەرجییەكان و چاودێریكردنی سەرچاوەی ئەو پارەی خەرج دەكرێت.

چاودێران ئاماژە دەكەن كە ناوەندی خەرجییەكانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر كاندیدێكی هەڵبژاردنی عێراق گەیشتووەتە ملیارێك و 400 ملیۆن دینار، لەوكاتەی خەرجی هەڵمەتی هەندێك لە كاندیدان دەگاتە پێنج ملیار دینار، بۆیە بە حسێبكردنی ژمارەی كاندیدان كە 7.926 كاندیدن، كۆی خەرجییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەگاتە زیاتر لە لە 11 تریلیۆن دینار، واتە 8.4 ملیار دۆلاری ئەمەریكی.  

عەبدولغەنی غەزبان توێژەری سیاسی دەڵێت، لەو هەڵبژاردنە سەرمایە زاڵە نەك بەرنامەی هەڵبژاردن، كێبەركێی سیاسی بووەتە ململانێ لەسەر قەبارەی وێنە و پۆستەرەكان نەك بیرۆكە و پلانەكان، پارەی تەرخانكراو بووەتە یەكلاكەرەوە بۆ دیاریكردنی پێگەی هێزەكان لە پەرلەمان، ئەوەش ناوەڕۆك و مانای دیموكراسییانەی پرۆسەكەی نەهێشتووە و بووەتە هۆی پاشەكشەی متمانەی هاووڵاتییان بە پرۆسەكە، كە دەبینن پرۆسەكە بووەتە كێبەركێیەكی دەسەڵات زیاتر لە كێبەركێكردن لەسەر چاكسازی.   

روونی كردەوە، هەندێك لە حزبەكان پارەی هەڵمەتی بانگەشە لە تۆڕە ئابوورییەكانی سەر بە بەڵێندەران و میلیشیاكان وەردەگرن، ئەوەش وای كردووە پارەی هەڵبژاردن ببێتە دەروازەیەك بۆ سپیكردنەوەی پارە و سوودبینین لە دەسترۆیشتوویی سیاسی لە سایەی نەبوونی چاودێرییەكی راستەقینە لە لایەن كۆمسیۆن و دەستەی نەزاهە و بانكی ناوەندییەوە.

هەر لەو بارەوە ئەحمەد عوبێدی شارەزای كاروباری هەڵبژاردن دەڵێت، خەرجییە تایفی و ناوچەییەكان لە هەڵمەتی بانگەشە، ئاماژە بۆ پەبارەی گەندەڵی و سوودبینین لە دەسەڵات لە ناو دەوڵەت دەكات، هەندێك لە هێزەكان پارەی پارێزگا و وەزارتەكانی تیایان باڵادەستن بۆ بانگەشەی خۆیان بەكار دێنن، لایەنی چاودێریكاریش بوونەتە بەشێك لە هەمان سیستمی سیاسی، بۆیە ناتوانن لێپرسینەوە بكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل