هەفتەی رابردوو ئەمەریكا مارك ساڤایای وەك نێردراوی تایبەتی لە عێراق دیاری كرد، ئەو كەسێكی بە رەگەز عێراقییە و بەشداریی لە هەڵمەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە و شارەزایی لە كاروباری عێراق هەیە، كۆشكی سپی دەیەوێ لەو رێگەیەوە پێوەندییەكانی لە هەموو رووێكەوە لەگەڵ عێراق رێك بخاتەوە، ئەگەرچی وەك شارەزایان دەڵێن ئەركی ساڤایا ئاسان نییە.
ئیحسان شمەری توێژەری سیاسی دەڵێت، مارك ساڤایا لەسەر بنەمای بڕیارەكانی خۆی ناجووڵێتەوە، بەڵكو بڕیارەكانی پێوەندییان بە پلانێكەوە هەیە كە لیژنەیەك لە حەوت لایەن لە كۆشكی سپی لە ماوەی شەش مانگی رابردوو بۆ جێبەجێكردنی بیرۆكەكانی ترەمپ لە عێراق دایان رشتووە، كە پلانەكە لە سێ خاڵ پێك هاتووە.
روونی كردەوە، یەكەم خاڵ، رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی ئێرانە لە عێراق، واشنتن هەوڵ دەدات نێوانی عێراق و ئێران وەك ئەوەی ئێستە هەیە بە تەواوەتی جیا بكاتەوە، لەگەڵ رەتكردنەوەی بیرۆكەی یەكخستنی میلیشیاكان لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی لە عێراق، بەو پێیەی ئەو یەكخستنە تەنگژەكە چارەسەر ناكات.
شمەری زیاتر گوتی، دووەم خاڵ پێوەندی بە ئابووری و نەوتی عێراقەوە هەیە، كاتێك ترەمپ دەیەوێ ئەمەریكا كۆنترۆڵی ئەو كەرتە بكات و رێگری لە قاچاغی و تێكەڵكردنی نەوتی عێراق و ئێران بكات، كاتێك لە شەرمولشێخ باسی نەوتی عێراقی كرد كە نەوتێكی زۆری هەیە و ناتوانێت ئیدارەی بدات، بەرجەستەی خواستی ئەو بۆ هاوبەشییەكی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران لەو بوارە دەكات.
سێیەم خاڵ وەك شەو توێژەر باسی كرد، بریتییە لە هاریكاریی تەناهی و داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسییە لە عێراق، وریایی دا بەوەی ئەگەر لەگەڵ ئەو دیدەی ئەمەریكا نەڕوات، دووچاری سیناریۆیەكی جیازاو دەبێتەوە، رەنگە ئەمەریكا بیخاتە خانەی وڵاتە نادۆستەكان و ئەوەش باجی گەورەی هەیە، هەرچی حكوومەتی عێراقە توانای بۆ رەتكردنەوەی ئەوانە سنووردارە، شێوانی ناوخۆیی و پاشەكشەی دەسەڵاتی گرووپەكانی سەر بە ئێران وا لە بەغدا دەكەن بۆ خۆگونجان لەگەڵ دیدی ئەمەریكا و قبووڵكردنی پلانەكەی ساڤایا.