دوێنێ پەكەكە بڕیاری پاشەكشەی تەواوی هێزەكانی لە توركیا بەرەو قەندیل دا، ئەو هەنگاوە پرسیاری لەبارەی بێدەنگیی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بەو كارە دروست كرد، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای كرد كە لە دوایین سەردانی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ توركیا ئەو بابەتە باس كراوە.
موختار مووسەوی گوتی، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی وەك بەرپرسێكی دامەزراوەی تەناهی پێوەندیدار بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە عێراق، سەردانی توركیای كرد و لە ئەنقەرە چاوی بە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و ژمارەیەك فەرماندەی پێوەندیدار بە دۆسیەی تەناهی لە توركیا كەوت، سەردانەكە لە چوارچێوەی بەهێزكردنی هاریكاریی تەناهی و هەواڵگری لە نێوان هەردوو وڵات هات.
روونی كردەوە، فەیاز لەو سەردانە سێ پەیامی گەیاندووە، یەكەم دووپاتی كردەوە كە حەشدی شەعبی هێزێكی نیشتمانییە و نوێنەرایەتیی تەواوی پێكهاتەكانی عێراق دەكات و دەست لە كاروباری سیاسی وەرنادات، دووەم پێوەست بە جموجۆڵی شەڕوانانی پەكەكە و گواستەوەیان لە توركیاوە بەرەو چیای قەندیل، سێیەم میكانیزمەكانی پەرەسەندنی هاریكاریی زانیاری و هەواڵگری لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە.
لای خۆیەوە وەفا محەمەد توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە پاشەكشەی شەڕوانانی پەكەكە بۆ قەندیل لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتییە لە توركیا، هەنگاوەكە بەشێكە لەو پلانە فرەوانەی ئاشتی كە لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی پەكەكە دەستی پێ كردووە و سێیەم قۆناغە، لە دوای چەكدانانی پەكەكە و ئازادكردنی گیراوەكان لە لایەن توركیاوە، بۆیە ئەوەی روودەدات گواستەوەی ململانێكان بۆ ناو خاكی عێراق نییە، بەڵكو لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی سیاسی و تەناهی لە نێوان لایەنەكانی پرۆسەی ئاشتی و دوایین قۆناغیش لە كشانەوەیە لە بارەگەی سەرەكی لە قەندیل.