دوێنێ لە هەنگاوێكی تری گەورە لە چوارچێوەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، پەكەكە بڕیاری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی لە خاكی توركیا بەرەو چیای قەندیل دا، ئەو هەنگاوە لە لایەن توركیا پێشوازی لێ كرا، لە دووەم هەنگاوی مێژوویی ئەو حزبە لە دوای چەكدانان، شرۆڤەكارێكی توركی باسی هۆكاری كشانەوەكە دەكات.
ئەگەرچی كشانەوەی پەكەكە لە توركیا هەنگاوێكی ترە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی لەو وڵاتە،
عەلی ئەسمەر شرۆڤەكاری سیاسیی توركی وا وەسفی هەنگاوەكە دەكات كە لە رێوشوێنێكی خۆپارێزی بۆ سڕكردنی رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا نزیكترە، هەروەها دووبارە خۆرێكخستنەوە لە ناوچەیەكی پارێزراوتر لە قەندیل وەك ریچخۆشكەرێك بۆ قۆناغێكی تری گفتوگۆ، نەك پاشەكشەیەكی سەربازی بە مانا كۆنەكەی.
روونی كردەوە، هەروەها هەنگاوەكە ئاماژە بۆ درككردنی هەردوولا، ئەنقەرە و پەكەكە، بۆ ئەو راستییە دەكات كە چیتر ناتوانرێت ململانێی چل ساڵەی ئەوان بە ئامراز و شێوە كۆنەكە بەردەوام بێت، چونكە ژینگەی نوێی ناوچەكە، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، دۆخێكی جیاواز دەسەپێنێت.
ئەسمەر دووپاتی كردەوە، دەستگرتنی پەیەدە بە چەك و بەردەوامیی بوونی سنوورداری ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی فورات و گەڕانەوەی پێوەندییەكانی ئەنقەرە و دیمەشق، هەموو ئەوانە هۆكارن وایان كرد كە پێویستە دۆخی كورد لە توركیا بەر لە هەنگاونان بەرەو چارەسەرییەكی فرەوانتر كۆنترۆڵ بكرێت، بۆیە ئەو پاشەكشە بۆ پەكەكە هەلێكە بۆ وێناكردنی خۆی وەك لایەنێكی خاوەن توانا بۆ پابەندبوون و خۆكۆنترۆڵكردن، وەك رێخۆشییەك بۆ بینینی رۆڵێكی سیاسی لە داهاتوو، جا لە رێگەی حزبێكی فەرمی لە ناو توركیا یان رووكەشێكی میانڕەوی كوردی بێت كە زمانی گفتوگۆ دەست پێ بكات.