دوای گۆڕانكارییەكانی دوو ساڵی رابردووی ناوچەكە، ئێستە هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا خەریكی كۆنترۆڵكردنی قۆناغی دوای هەڵبژاردنن لە عێراق، لە دوو ئەجیندای دژ بەیەك، لەوكاتەی ئێران دەیەوێ لە رێگەی لایەنگرانییەوە زیاترین نوێنەرایەتی و هەژموونی بەسەر پەرلەمان و حكوومەتی نوێی عێراق بسەپێنێت، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەمەریكا یاساكانی قۆناغی دوای هەڵبژاردن دادەڕێژێت.
لەوكاتەی هەندێك
ناوەندی سیاسی دۆخی ئێستەی عێراق بە راكردن بەرەو رووی ئەمەریكا لە لایەن زۆرینەی هێز و لایەنە سیاسییەكان، لەوانە لە ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیاكانیش وەسف دەكەن، میسال ئالووسی سیاسەتوانی دێرینی عێراق دەڵێت، هەمووان پەیام بۆ ئەمەریكا رەوانە دەكەن بەوەی تەنیا ئەوان دەتوانن كۆنترۆڵی دۆخەكە لە دوای هەڵبژاردن بكەن، روونی كردەوە، ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لەوانەی پێش خۆی جیاوازە، ئەو باڵادەستیی هیچ گرووپێكی سەر بە ئێران قبووڵ ناكات و رێگەش بە ئەولا ئەولاكردن و خۆدزینەوە نادات.
لای خۆیەوە ئەحمەد یاسری توێژەری سیاسی پێی وایە كاتی رەوانەكردنی مارك ساڤایا و دیدارەكەی شەرمولشێخی ترەمپ و سوودانی و ئەگەری سەردانێكی چاوەڕوانكراوی سوودانی بۆ واشنتن، هەموو ئەوانە پێوەندییان بە دیاریكردنی دۆخی دوای هەڵبژاردن لە عێراق و كاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بە ئەنجامەكانی هەیە.
روونی كردەوە، ئیدارەی ترەم تەواو درك بەوە دەكات دەبێت دۆخی عێراق بگاتە ئاستێكی دوور لە دەسەڵاتی ئێران، ئەمەریكا لە قۆناغی داهاتووی عێراق گرووپی نزیك لە ئێران قبووڵ ناكات، بۆیە چیتر بابەتی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی نابێتە كێشە، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ رۆڵی ئێران لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق لەو رێگایەوە چی دەبێت، ئەوە خەمی سەرەكیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایە، بۆیە ئەگەر عێراق بچێتە دەرەوەی بازنەی ئەمەریكا و ئێران بیباتەوە، دەبێتە ئاماژەیەكی مەترسیدار بۆ ئیدارەی ئێستەی ئەمەریكا.