درووزەكانی سوێدا: لە بڕیاری سەربەخۆیی پاشەكشە ناكەین

:: PM:05:19:28/10/2025 ‌

ئیدارەی نوێی سووریا لە ماوەی چەند مانگی رابردووی دەسەڵاتی سەلماندی كە ددان بە مافی پێكهاتەكان دانانێت و ناتوانێت دەستبەرداری بیری مەركەزیەت لە دەسەڵات بێنێت، ئامادەشە بە زەبری چەك سەركوتیان بكات، لەسەر ئەو بنەمایەش حكوومەت و پەرلەمان پێك دێنێت و دەستووری وڵاتەكە دەنووسێتەوە، ئەوەش وای كرد پێكهاتەكان خۆی لێ بەدوور بگرن، بەتایبەتی كورد و درووز و عەلەوییەكان.

رێدانی حەرب سەرۆكی حزبی وجوودی درووز دووپاتی كردەوە كە بڕیاری سەربەخۆیی یەكلا بووەتەوە و پاشەكشەی لێ ناكەن، لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بواری مافەكان بنیات نراوە كە مافی چارەنووسی بۆ گەلان فەراهەم كردووە، ئەوەش ئەو پرەنسیپ و بنەمایەیە كە سوێدا لە رێگەیەوە دەستی بە هەڵوێستی لەوبارەوە گرتووە.

زیاتر گوتی، شێخ حیكمەت هیجری خاوەن جەماوەرێكی فرەوانە لە ناو رۆڵەكانی سوێدا و درووزەكان لە سووریا، دوای هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگاكە لە تەمووزی رابردوو، بنكەی جەماوەریی ئەو زۆر زیادی كرد، چونكە هەڵوێستی ئەو بە تەواوەتی لەگەڵ خواستی خەڵكەكە یەك دەگرێتەوە.

حەرب دووپاتی كردەوە كە بەهۆی ئەوەی بەسەر سوێدا هات لە كوشتن و رفاندن و وێرانكاری، پارێزگاكە بەتەواوەتی متمانەی بە دەسەڵاتی دیمەشق نەما، خەڵكەكە باوەڕیان وایە گەڕانەوەی دەسەڵاتی دیمەشق هەڕەشەیە بۆ سەر بوونیان و ئەو بژارەی ئێستە لەبەردەمیانە مافی چارەی خۆنووسینە، ئەوەی لە سوێدا رووی دا تەنیا ناكۆكییەكی سیاسی نەبوو، بەڵكو تاوانی رێكخراو بوو، بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسلامی و عەرەبی دەكەین بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی خۆیان بگرنە ئەستۆ و كار بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بكەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل