تا ئێستە تاران ئەوەی نەكردووە كە ئەمەریكا دەیەوێت و كات دەكوژێت، لەو كاتەی ئەمەریكا توانی ئەو شەڕە بوەستێنێت كە ئێران لە رێگەی بزووتنەوەی حەماسەوە لەگەڵ ئیسرائیل هەڵی بگیرسێنێت، بەڵام ئێران لە ئەمەریكا و ئیسرائیل بە گومانە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی ئەگەری هێرشێكی ئەمەریكی بۆ سەر وڵاتەكەی لە هەر كاتێك دەكات.
ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، پێویستە بۆ هەر گفتوگۆیەكی داهاتوو لەگەڵ ئەمەریكا تاقیكردنەوەكانی پێشوو لەبەرچاو بگرین، چونكە رێوشوێنە پێشێلكارەكانی ئەمەریكا بۆ یاسای نێودەوڵەتی لە دژی ئێران زۆر دووبارە بوونەتەوە، ئەوان بە بەردەوام دووپاتیان كردووەتەوە كە هەموو بژارەكان كراوەن، بۆیە پێویستە لە ئامادەسازییەكی تەواودا بین.
روونی كردەوە كە ئەگەری هێرشێكی نوێی سەربازیی ئەمەریكی بۆ سەر ئێران لە هەر كاتێك هەیە، پەیامی جیاوازمان لەبارەی هێرشی نوێ پێ دەگات، بەڵام بەپێی ئەزموون و تاقیكردنەوە و بێ رەچاوكردنی ئەو پەیامانە، دەبێت خۆمان ئامادە بكەین، بۆیە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە حاڵەتێكی بەرزی ئامادەسازیدان و ناكرێ متمانە بە بەڵێن و رێككەوتنەكان لەگەڵ ئیسرائیل بكەین.
شایەنی باسە ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانی رابردوو هێرشێكی فرەوانی ئاسمانی لە ماوەی 12 رۆژ كردە سەر ئێران و لەو ماوەیە دەیان فەرماندەی سەربازی و زانا و شارەزای ئەتۆمی و دەیان جبەخانە و وێستگەی ئەتۆمی و پێگەی هەستیاری سەربازیی وێران كرد، هێرشەكە لە ناو گفتوگۆ ناراستەوخۆكەی ئێران و ئەمەریكا بوو لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی، ئەوەش وای كردووە ئێران ترسی هەبێت و متمانەی بە ئەمەریكاش نەبێت.