ئەمڕۆ سێشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل حەماسی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد و بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا و ئەمشەویش فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەزە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە كە ئیسرائیل بە ئەمەریكای راگەیاندووە كە بە نیازە هێرش بكاتە سەر كەرتی غەزە، ئەوەش لە دوای هێرشەكەی دوایی بۆ سەر سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی رەفەح كە بووە هۆی كوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی.
ئەمڕۆ نەتنیاهۆ لەگەڵ دەزگە تەناهییەكانی ئیسرائیلی كۆ بووەوە و بەپێی كەناڵەكە، حكوومەتی ئیسرائیل بڕیاری داوە بازنەی ئەو ناوچانەی سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەزە كۆنترۆڵیان دەكات فرەوانتریان بكات، لە چوارچێوەی رێكخستنەوەی هێزە سەربازییەكان لەوێ، بۆیە نەتنیاهۆ خەریكی هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا لەوبارەوە، بەڵام باسی وادەی ئەو جموجۆڵانەی ئیسرائیلی نەكرد.
ئەمڕۆ نەتنیاهۆ بزووتنەوەی حەماسی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەزە تۆمەتبار كرد و بەڵێنی دا وەڵامیان بداتەوە، ئاماژەی كرد كە حەماس پاشماوەی تەرمی بارمتەیەكی رادەست كردووە كە پێشتر بەر لە دوو ساڵ سوپای ئیسرائیل تەرمەكەیان دۆزیوەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەم حەماس رای گەیاند كە 16مین تەرمی بارمتە كوژراوەكانی ئیسرائیلیان رادەست كردووەتەوە، لە كۆی 28 تەرم، كەچی ئیسرائیل دەڵێت ئەو تەرمە هی بارمتەكان نییە و كۆنە و هی سەربازێكی كوژراوی ئیسرائبلییە، بۆیە ژمارەی تەرمی بارمتەكانی لای حەماس ماون 13 تەرمن.