راپۆرتێك: لە عێراقەوە پارە بۆ حزبوڵای لبنانی دەچێت

:: PM:09:12:28/10/2025 ‌

لە دوای ئەو گورزە گەورەی لە لایەن ئیسرائیلەوە بە حزبوڵای لبنان كەوت، بە كوشتنی حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی و شوێنگرەوەكەی و تەواوی بەرپرسانی سەربازی ئەو حزبە و وێرانكردنی جبەخانە و ژێرخانە سەربازییەكەی و وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی، هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی لە لایەن ئێرانەوە هەیە، لەوانەش لە رێگەی عێراقەوە.

لە دوای ئەو كارەساتەی بەسەر حزبوڵا لە لبنان هات و ئەوەی دۆخی حزبەكەی خراپتر كرد، رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و كەوتنی سووریا بە دەستی گرووپە توندڕۆ سوننەكان بوو، كە هەموو رێگەیەكیان بۆ گەیشتنی چەك و دارایی بۆ حزبوڵا لە لبنان داخست، بۆیە ئێران بە دوای رێگەی نوێیە بۆ گەیاندنی چەك و پارە بۆ حزبوڵا لەوانەش لە رێگەی عێراقەوە، راستەوخۆ بە فڕۆكە بۆ لبنان یان لە رێگەی قاچاغ بە سووریادا بۆ لبنان.

چەند سەرچاوەیەكی لبنانی ئاماژەیان كرد كە حزبوڵا توانیویەتی شوێنگرەوە بۆ سەرچاوە داراییەكانی پێشووی بدۆزێتەوە، بە هاتنی پارە لە ئێرانەوە بۆ حزبەكە لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەیرووت یان بە وشكانی لە رێگەی سووریاوە، ئێستەش دوای ئەوەی ئەو دوو رێگە نەماون، بە چەند رێگایەكی تر لە عێراقەوە جانتای پڕ لە پارە بە دەستی حزبەكە دەگات. 

عەلی حەمادە شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سەرەڕای پاشەكشەی توانا داراییەكانی حزبوڵا لە دوای شەڕی ئیسرائل و پچڕانی پێوەندیی ئاسمانی لەگەڵ ئێران، بەڵام گەیشتنی پاڵپشتییەكە بۆ حزبوڵا نەوەستاوە و تا ئێستە ئێران توانای گەیاندنی پارەیەكی زۆری كاشی لە رێگەی عێراقەوە بۆ ئەو حزبە هەیە. 

حەمادە ئاماژە دەكات كە دەزانین میلیشیاكانی ناو حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە هەر ئەوانە پێكهێنەری حكوومەت و دەوڵەتن لە عێراق، خاوەن تۆڕی فرەوانی دارایین و مانگانە دەیان ملیۆن دۆلار بە رێگەی ئاسمانی لە عێراقەوە یان لە رێگەی وشكانی لە رێگەی سووریاوە دەگەیننە حزبوڵا، كە لە سووریا باندەكانی قاچاغ ئەو كارە دەكەن، ئەوان چەك و پارە بۆ لبنان دەبەن، بۆیە ئێستە عێراق سەرچاوەی سەركییە بۆ ئەو پارە كاشەی بە حزبوڵا دەگات و پارەكەش زیاتر لە رێگەی سەردانیكارە شیعەكانی لبنان بۆ عێراق و عێراقییەكانیش بۆ لبنان دەگاتە دەستی حزبوڵا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل