دوای ئەوەی ئەمشەو هاتە راگەیاندن كە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە سوپای ئیسرائیل كردووە بە توندی غەزە بۆردمان بكات و لە چەند ناوچەیەكی غەزە بڵاو ببنەوە، ئەوەش لە وەڵامی پێشێلكارییەكانی حەماس، میدیاكان بڵاویان كردەوە كە ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی غەزەیان بۆردمان كرد.
وەك میدیاكانی فەلەستینی و ئیسرائیلی
باسیان كرد، ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە توندی رۆژهەڵاتی دێر بەلەحیان لە ناوەڕاستی كەرتی غەزە بۆردمان كرد، شایەتحاڵەكان باسی ئەوەیان كرد كە چەند فڕۆكەیەكی جەنگیی ئیسرائیلیان بینیوە هێرش دەكەنە سەر شاری غەزە و ناوچەیەكیان لە نزیك گەورەترین نەخۆشخانە لەو شارە بۆردمان كرد و ژمارەی كوژراو و بریندارەكان نەزانراوە.
جیا لەوە چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی ئاماژەیان كرد كە ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە دەستی پێ كردووە.
ئەمڕۆ سێشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل حەماسی بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كرد و بەڵێنی وەڵامدانەوەی دا و فەرمانی بە سوپای وڵاتەكەی كرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەزە.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە كە ئیسرائیل بە ئەمەریكای راگەیاندووە كە بە نیازە هێرش بكاتە سەر كەرتی غەزە، ئەوەش لە دوای هێرشەكەی دوایی بۆ سەر سوپای ئیسرائیل لە ناوچەی رەفەح كە بووە هۆی كوژرانی دوو سەربازی ئیسرائیلی.