ئێران لە بری گفتوگۆ دەست بە جموجۆڵە ئەتۆمییەكان دەكاتەوە

:: PM:09:54:28/10/2025 ‌

تەنیا چوار مانگ بەسەر هێرشە فرەوانەكەی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران تێپەڕ بووە و وێنەی مانگە دەستكردەكان ئاشكرای دەكەن كە تاران دەستی بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی لە نزیك دامەزراوەی نەتنز كردووەتەوە، لە هەنگاوێك نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر نیازی ئەتۆمیی تاران.

ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەوڵەتی لە واشنتن چەند وێنەیەكی نوێی مانگە دەستكردەكانی بڵاو كردەوە سەبارەت بە بوونی چالاكی لە هەڵكەندن و بنیاتنانی فرەوان لە دامەزراوەی چیای مەنجەم لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتنز، شارەزایان پێیان وایە مەبەست لەو جموجۆڵە گواستنەوەی ئامرازە هەستیارەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمە بۆ شوێنی پارێزراوتر، بە شێوەیەك بۆردمانەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل نەتوانن بیانپێكن.   

ئەو پەرەسەندنە نوێی هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ئێران لە خۆبەدەستەوەنەدان لە بابەتی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان لەگەڵ ئەمەریكا، بەتایبەتی كە گفتوگۆكانی لە مانگی نیسانی رابردوو دەستیان پێ كرا و دوای چەند گەڕێك لە مانگی حوزەیرانی رابردوو وەستان، لە خاڵی پیتاندنی یۆرانیۆم گیریان خوارد، كاتێك ئێران سوور بوو لەسەر مافی پیتاندن و ئەمەریكاش بە هەموو شێوەیەك ئەو كارەی لە لایەن تاران رەت كردەوە. 

شارەزایان پێیان وایە دروستكردنی دامەزراوەیەكی نوێی لەو شێوە و لە قووڵایی چیاكان، بەرجەستەی گۆڕانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە بەرنامەیەكی چاودێریكراو بۆ بەرنامەیەكی حەشاردراو و پارێزراو دەكات، دووپاتیان كردەوە كە تاران كار لەسەر گۆڕینی بنەماكانی بەرپەرچدانەوە لە ناوچەكە دەكات لە رێگەی دروستكردنی ژینگەیەك تیایدا بە زەحمەت بتوانرێت دامەزراوە ئەتۆمییەكانی پەك بخرێن یان بخرێنە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتییەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل