سێ سەربازی سووریا لە نزیك بەنداوی تشرینی كوژران و بریندار بوون

:: PM:10:54:29/10/2025 ‌

ئاڵۆزییە مەیدانییەكان لە نێوان هەسەدە و سوپا و هێزەكانی سووریا لە ناوچەكانی بەریەككەوتنی هەردوولا بەردەوامە و ناوەناوە شەڕ و بۆردمان لە نێوانیان روودەدات، ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاماژەی كرد كە بەهۆی بۆردمانێكی مووشەكی هەسەدە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب سێ سەرباز كوژران و بریندار بوون.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەم هێزەكانی هەسەدە بە مووشەك خاڵێكی تەناهیی سوپای سووریایان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب بۆردمان كرد و بەو هۆیەوە دوو سەرباز كوژران و یەكێكی تریش برینی سەختە، وەزارەتەكە بۆردمانەكەی بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكانی پێشوو لە قەڵەم دا.

شایەنی باسە لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا هێرشی زۆریان كردە سەر بەنداوی تشرین و شاری منبج و بۆردمانیان كردن، بەڵاك نەیانتوانی كۆنترۆڵی بەنداوەكە بكەن، دواتر بە رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق سوپای سووریا لە نزیك بەنداوەكە جێگیر كرا، ئێستەش ناوەناوە شەڕ و بۆردمان روودەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل