دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا مارك ساڤایا كارسازی ئەمەریكی بە رەگەز عێراقی وەك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا لە عێراق دیاری كرد، ئەمڕۆ چوارشەم ئەو یەكەم تویتی لەبارەی عێراق بڵاو كردەوە و پیرۆزبایی لە خەڵكی پارێزگای نەینەوا كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم
ساڤایا لە تویتێك نووسیویەتی، بە شانازی و خۆشییەكی زۆرەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی پارێزگای نەینەوا دەكەم بەهۆی واژووكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی مێژوویی لەگەڵ ئەمەریكا بۆ دامەزراندنی ناوەندێكی توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە ناوەڕاستی مووسڵ، ئەو شارەی خەریكە پێگە راستەقینەكەی لەسەر گۆڕەپانی دنیا بەدەست دێنێتەوە.
روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە بنیاتنەرە پاڵنەرێكی بەهێزە بۆ پتەوكردنی هاریكاریی هاوبەش و بەرزكردنەوەی ناوی مووسڵ لە ریزی شارە پێشەنگەكان و دیاریكردنی داهاتوویەكی گەشاوە و پێشكەوتوو بۆ نەوەكانی داهاتوو.
ئەو تویتەی ساڤایا یەكەم تویتی فەرمیی نێردراوی ئەمەریكایە بۆ كاروباری عێراق لەوەتەی دەستبەكاربوونی لە هەفتەی رابردوو، كە وەك شارەزایان پێیان وایە دانانی ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی واشنتن بە دۆخی عێراق و تویتەكەی ئەمڕۆشی بەرجەستەی گرنگیدانی ئەمەریكا لە هاریكاریی ئەكادیمی و پەرەپێدان لەگەڵ مووسڵ دەكات، جیا لە پاڵپشتیكردنی لە پڕۆرژەكانی ئاوەدانكردنەوە و بەهێزكردنی پێگەی شارەكە وەك ناوەندێكی زانستی و توێژینەوەیی لە ناوچەكە.