هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەمەریكا گوشارەكانی لەسەر حكوومەت و تەواوی هێزە سیاسییەكانی عێراق بۆ نەهێشتنی میلیشیاكانی ئێران و دوورخستنەوەیان و داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەیان دەست پێ كردووە، بەتایبەتی قسەكانی دوایی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، ئەوەش ناو ماڵی شیعەی بە تەواوەتی نیگەران كردووە.
ئێستە لە سایەی چەند
گۆڕانكارییەك لە ناوچەكە، لەوانە دانانی نێردراوی تایبەت بۆ عێراق و قسەكانی و بەر لەویش پەیامەكەی بیت هیكسیس وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ سابت عەباسی هاوتا عێراقییەكەی، كە وەك دوایین ئاگەداركردنەوە بۆ عێراق لەبارەی دۆسیەی چەكی میلیشیاكان و مانەوەیان لەقەڵەم درا، پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی بەر لە دوو هەفتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق و گوشارەكانی ئەمەریكای بە تەواوەتی بۆ سەر حكوومەتی عێراق دەرخست.
دوو رۆژ بەسەر قسەكانی یاڤایا تێپەڕیوە و تا ئێستە میلیشیاكان بێدەنگن، كە لە رابردوو بە بەردەوام هێرشیان دەكردە سەر ئەمەریكا، چاودێریان پێیان وایە ئەو بێدەنگییەی ئەوان بەهۆی توندی گوشارەكانی ئەمەریكایە، بۆیە ئێستە جیا لەوەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە هەڵكشانە، ئەوان هەست بە نیگەرانییەكی تەواو دەكەن، لەوەی ناتوانن پشت لە ئێران بكەن، ناشتوانن پشت لە ئەمەریكا و گوشارەكانی بكەن، لەوەش خراپتر لە پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ سوودانی دەترسن لە بەرانبەر داماڵینی چەكی میلیشیاكان.