ئەمڕۆ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی عێراقی كرد و چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە كەوت لەوانە سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە و سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەوەی هاتە راگەیاندن كە رێككەوتنێكیان لەبارەی دۆسیەی ئاو واژوو كردووە، بەپێی سەرچاوەیەك لەو سەردانە باسی دۆسیەی پەكەكە و مانەوەی سوپای توركیا كراوە.
عێراق و توركیا دوو دەوڵەتی دراوسێن و چەندان دۆسیەی هاوبەش و كارتی گوشاریان بەرانبەر بە یەكتر هەیە، بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە دەكات، وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەغدا باسی پرسی پەكەكە و بڕیاری دواییان بە كشانەوە بۆ ناو خاكی عێراق دەكات، كە ئاماژەی ناڕەزایەتی لە عێراق بەرانبەر بەو هەنگاوە دروست بوو و بۆ توركیا رەوانە كرا، بەڵام دۆسیەی ئاو لە سەرووی گفتوگۆكان دەبێت.
لایەنی تەناهی بەشێكی گرنگی سەردانەكە فیدان بووە بۆ بەغدا، ئەو چاوی بە سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كەوتووە، چاودێران پێیان وایە هەردوو بابەتی كشانەوەی چەكدارانی پەكەكە بۆ قەندیل و مانەوەی سوپای توركیا لە ناو عێراق گرنگن، فیدان لە میانی سەردانەكەی بۆ بەغدا گوتی، ئەنقەرە چاوی لەوەیە بە هاوشێوەی توركیا، پەكەكە لە خاكی عێراق و سووریاش بكشێتەوە، كە ناوچەیەكی فرەوانی خاكی عێراقی بەدەستەوەیە و توركیا لەگەڵ عێراق كار لەسەر ئەوە دەكەن، بۆیە كۆتاهێنان بە چالاكییەكانی پەكەكە لە توركیا و عێراق و سووریا و ئێرانیش بابەتێكی گرنگە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە.
شایەنی باسە سەردانەكەی فیدان لە دوای نوێكردنەوەی پەرلەمانی توركیا بوو بۆ بەردەوامبوونی چالاكییە سەربازییەكانی توركیا لە دەرەوە، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق، هاوكات بڕیاری پەكەكە بە كشانەوەی هێزەكانی بۆ قەندیل، ئەوانەش ناڕەزایەتییان لە ناوەندی شیعە دروست كرد، بۆیە سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی عێراق و رازیكردنی بەغدا بوو بە بەردانەوەی بڕێكی زۆر ئاو لە چەند رۆژی داهاتوو، لەوكاتەی عێراق بە دەست تەنگژەیەكی قووڵی كەمئاوییەوە دەناڵێنێت.