لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ جموجۆڵەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەڕەشەكانی بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان، راپۆرتەكان ئاماژەیان بۆ هاتنی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ سەركردەی میلیشیا شیعەكان و هێزە سیاسییەكانیان كرد، راپۆرتی میدیاكانی ئیسرائیل وریایی لە ئەگەری هێرشێك لە عێراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەدەن.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی
"والا"ی نزیك لە حكوومەتی ئیسرائیل، دەزگەكانی هەواڵگری و سەربازیی ئیسرائیل چاودێریی بوونی جموجۆڵی نەیار بۆ ئیسرائیلیان لە لایەن میلیشیاكان لە ناو عێراق كردووە، ئاماژەیان كرد كە بەمدواییە تاران ژێرخانی ئەو میلیشیایانەی بەهێز كردووە، ئەوەش وای كردووە ئاستی ئامادەسازی لە ئیسرائیل بەرز بكرێتەوە.
زیاتر روونی كردەوە، ئەو جموجۆڵە هاوكاتە لەگەڵ سەردانەكەی دوایی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلقەی قودس و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی میلیشیاكان، وەك راپۆرتەكە ئاماژەی كرد، لە كۆبوونەوەی قائانی و میلیشیاكان پلان بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بە دوو رێگە باس كراوە، یەكەمیان ئاسمانی و مووشەكی بە درۆن و مووشەكی هەڵدراو لە عێراقەوە، دووەم هێرشی زەوینی لە چەند بەرەیەك لە سووریا و ئوردن و لبنان و ئەو میلیشیایانە لە عێراقەوە بەرەو ئەو شوێنانە بچن.
بەپێی راپۆرتەكە ئەو پلانە ئامادە كراوە و كاتێك ئێران یان میلیشیاكان بڕیاریان دا دێتە جێبەجێكردن، هاوكات مۆساد و فەرماندەیی سەربازیی ئیسرائیلی چاودێریی دۆخەكە و پەرەسەندنە كان دەكەن، تا ئێستە لایەنی عێراقی هیچی لەوبارەوە نەگوتووە، لەوكاتەی عێراق خۆی گوشارێكی زۆری ئەمەریكی لەسەرە بۆ پەلەكردن لە داماڵینی چەكی میلیشیاكان و هەڵوەشاندنەوەیان.