سوودانی: داماڵینی چەكی میلیشیاكان پێوەستە بە كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان

:: PM:08:00:03/11/2025 ‌

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەموو هەوڵێك دەدات بۆ مانەوەی لە پۆستەكەی بۆ چوار ساڵی تر، ئەو هەوڵی رازیكردنی لایەنە كاریگەرەكان لە ناوچەكە و دنیا دەدات، لەوانەش ئەمەریكا و ئێران و توركیا و كەنداو، ئەمڕۆ رای گەیاند كە هەوڵی مانەوە بۆ خولێكی تر لە سەرۆكایەتیی وەزیران دەدات.

سەبارەت بە چەكی میلیشیاكان كە لە ماوەی دوایی ئەمەریكا راشكاوانە داوای لە حكوومەتی عێراق كرد لە داماڵینی چەكی میلیشیا شیعەكانی نزیك لە ئێران پەرە بكات، سوودانی لە دیدارێكی لەگەڵ ئاژانسی "رۆیتەرز"ی ئەمەریكی گوتی، داماڵینی چەكی گرووپەكان پێوەستە بە كشانەوەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو دەبێت.

ئاماژەی كرد، ئێمە بەڵێنمان دا بەوەی چەك بخرێتە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەت، بەڵام تا هێزی هاوپەیمانان لە عێراق بمێنێتەوە ئەو كارە سەركەوتوو نابێت. 

شایەنی باسە حكوومەتی عێراق تا ئێستەش ناتوانێت هەڵوێستی راشكاوانەی بەرانبەر بە میلیشیاكان هەبێت، تا ئێستە ناتوانێت دەست بۆ دۆسیەی داماڵینی چەكی ئەوان ببات و ئەوەی دەیكات یاریكردن بە كات و هێنانەوەی پاساوە، لە لایەكی تر سوودانی دەیەوێ بۆ وەرگرتنەوەی خولێكی تری سەرۆك وەزیران یاری بەو كارتە بكات، بۆیە بابەتی داماڵینی چەكی ئەوانی خستووەتە ساڵی داهاتوو.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل