ئۆجەلان: دەبێت دیاردەی كورد لە یاساكانی توركیادا جێگیر بكرێت

:: AM:11:12:04/11/2025 ‌
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی لەبارەی كۆتا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە ئۆجەلان گوتوویەتی، دەبێت دیاردەی كورد بە هەموو شێوەیەك لە یاساكانی كۆماری توركیا جێگیر بكرێت.

ڕۆژی ڕابردوو شاندی ئیمراڵی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێكی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجام دا، شاندەكە پێكهاتبوون لە "پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل".

لە راگەیەنراوەكەیاندا هاتووە: "دوێنێ سێی تشرینی دووەم لە ئیمراڵی، دیدارێكی یەكجار ئەرێنیمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان كرد كە نزیكەی سێ سەعاتی خایاند. تەندروستی و ورەی زۆر بەرز بوو."
 
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، ئۆجەلان بە شاندەكەی راگەیاندووە: "بۆ پێشخستنی ئەو قۆناغەی تێیداین، پێویستە زیاتر مێژوو و كۆمەڵناسی بە هەند وەربگرین. گرنگە ئەوە دەستنیشان بكرێت كە پێوەندیی كورد و تورك وەك دوو كۆڵەكەی هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەمڕۆ.

باسی لەوەش كردووە، پێویستە بە بینین، تێگەیشتن و نۆژەنكردنەوەی ئەم كۆڵەكانە، پێكەوەژیان بەهێز بكرێت. پێویستە بە دروستكردنی ئاسۆیەكی وا كە كێشە هەنووكەییەكانیشمان لەخۆ بگرێت بجووڵێینەوە.".
 
دەم پارتی ئاماژەی بە بەشێكی تری قسەی ئۆجەلان كردووە كە گوتوویەتی: ئێمە لە هەلومەرجێكی كورت و سنوورداردا، بۆ بابەتێكی مێژوویی لەناو هەوڵێكی رژداین، هەوڵ دەدەین ئاستێكی ئەرێنی دروست بكەین، نەك ئاستێكی نەرێنی و وێرانكەر. دیاردەی كورد دەبێت بە هەموو شێوەیەك لە یاساكانی كۆماردا جێگیر بكرێت، بۆ ئەمەش پرۆسەیەكی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. گواستنەوە لەناو یاساییبووندا وەك دیاردەیەكی گشتگیر، دەبێتە هۆی پتەوكردنی بناغە یاساییەكانی كۆماری دیموكرات.

ئۆجەلان گوتوویەتی، دەرفەتەكانی ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتیك كە ئەمڕۆ لە ڕووی سەردەمەوە لە بەردەمماندایە، هەم هەرێمییە و هەم جیهانییە. بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو ئاستێكی ئەرێنی هەنگاو بنێین، زۆر گرنگە هەمووان لەم پرۆسەیەدا بە هەستیاری و رژدی تێگەیشتنێكی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بكەن.



وشە - سۆران عەزیز