سوودانی گۆڕانكاریی گەورە لە فەرماندە سەربازییەكان دەكات

:: PM:09:12:04/11/2025 ‌

وەك سەرچاوەكان دەڵێن، بۆ دەرخستنی خۆی وەك پیاوی دەوڵەت و بە توانا لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دووپاتكردنەوەی دەسەڵاتی بەسەر كایەكانی بڕیاری تەناهی و سەربازی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە نیازە گۆڕانكاریی گەورە لە ریزی فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان بكات.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە دەڵێت، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، خانەنشینكردنی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند كردووە، بەو پێیەی دوایین وادە بۆ مانەوەیان لە شوێنەكانیان تا كۆتای ئەمساڵ بێت، هاوكات لیستێك بە ناوی شوێنگرەوەیان ئامادە دەكرێت.

بەپێی سەرچاوەكە ئەو پۆستانەی كە گۆڕانكارییان تیادا دەكرێت بریتین لە، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و سوپاسالاری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و یاریدەدەری سەرۆك ئەركانی سوپا بۆ ئۆپراسیۆنەكانن.

چاودێران پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییانە ئەگەرچی ئیدارین، بەڵام پەیامی سیاسیشیان لە پشتە، سوودانی دەیەوێ خۆی وەك فەرماندەی كردەنیی دامەزراوە تەناهییەكان پێشان بدات كە دەتوانێت بێ گوشاری هێزە سیاسییەكان بڕیاری گەورە و یەكلاكەرەوە بدات، هاوكات وەك بەشێكیشە لە هەوڵەكانی بۆ داڕشتنەوەی دامەزراوە سەربازییەكان بەو شێوەی نووسینگەكەی بەسەر دانانی فەرماندە سەربازییەكان باڵادەست بێت.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل