راپۆرتێك: شەڕی داهاتووی ئێران و ئیسرائیل زۆر توند دەبێت

:: PM:10:37:05/11/2025 ‌

لە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران ملكەچی داوا نێودەوڵەتییەكان بە وەستانی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، هاوكات بە سنوورداركردنی بەرنامە مووشەكییەكەی رازی نییە، لەوكاتەی ئەمەریكا و ئەروپاش هانی ئێران دەدەن بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەگەڕی گەڕێكی نوێی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەكەن.

رێكخراوی "جی ستریت"، كە رێكخراوێكی لیبراڵی لایەنگری ئیسرائیلە لە ئەمەریكا، لە راپۆرتێكی ئاماژە دەكات كە هەڵگیرسانی شەڕێكی تر لە نێوان ئێران و ئیسرائیل تەنیا دووپاتكراوە نییە، بەڵكو پێشبینی دەكرێت شەڕێكی سەختتر بێت، ئەوەش بەهۆی ئامادەسازیی هەردوولا بۆ رووبەڕووبوونەكە.

روونی كردەوە، لە سایەی نەبوونی رێككەوتنێكی نووسراو یان ئاگربەستێكی فەرمی، ئەو هێوربوونەوەی هەیە تا ئاستێكی زۆر پشت بە توانای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رێگرتن لە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائل بۆ هێرشێكی تر بۆ سەر ئێران دەبەستێت، كە رەنگە ئەوەش لەسەر ئاستێكی كورد كاریگەر بێت.

هەر بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكە، بەرپرسانی ئیسرائیل لە دانیشتنە تایبەتەكان وا ئاماژە بۆ شەڕە 12 رۆژییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دەكەن وەك شەڕی یەكەم لەگەڵ ئێران، ئەوان پێیان وایە گەڕی داهاتووی شەڕەكە سەرنج دەخاتە سەر بەرنامەی مووشەكی و ژێرخانی دەسەڵات لە ئێران، لە لایەكی تر ئەوجارەیان ئێران وەك پێشوو تووشی سوپرایز نابێت و خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل