ئیسرائیل هەڕەشەی بۆردوومانكردنی هەموو لبنان دەكات.. عەون: نامەكەتان گەیشت

:: PM:01:11:07/11/2025 ‌
بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەیان كرد كە ئەگەر حكوومەتی لبنان بە تەواوی پابەندی بڕیارەكان نەبێت، ئامادەن هەموو لبنان بۆردوومان بكەن و هێرشەكانی ئەمڕۆیان تەنیا وەك "سەرەتایەك" ناو برد.

بەپێی میدیاكانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە چاودێریی چالاكییەكانی حزبوڵای كردووە، لەوانە دروستكردنەوەی ژێرخانی سەربازی و كۆكردنەوەی چەكدار و دووپاتی كردووەتەوە كە ئامانجی هێرشەكان چەك كردنی حزبوڵایە. ئیسرائیل هۆشداریی داوە "ئەگەر سوپای لبنان حزبوڵا چەك نەكات، ئیسرائیل خۆی ئەو كارە دەكات."

لە بەرانبەردا، جۆزێف عەون  سەركۆماری لبنان، هێرشەكانی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری وڵاتەكەی بە تاوانێكی تەواو وەسف كرد و ڕای گەیاند، هەر كاتێك لبنان كراوەیی خۆی بۆ گفتوگۆ پیشان داوە، ئیسرائیل دەستی بە دوژمنكاری كردووە، پەیامێكی توندیشی ئاراستەی تەلئەبیب كرد و گوتی، نامەكەتان گەیشت.

سوپای لبنانیش لە بەیاننامەیەكدا هێرشەكانی بە هەوڵێك بۆ "تێكدانی سەقامگیریی لبنان و بەردەوامیدان بە جەنگ" ناو برد.


وشە - پۆڵا مەحموود