رۆژنامەیەك: وێستەگە ئەتۆمییەكانی ئێران وێران نەبوونە و شەڕ دەست پێ دەكاتەوە

:: PM:05:28:10/11/2025 ‌

ئەگەرچی ئەمەریكا بانگەشەی ئەوە دەكات لە هێرشە ئاسمانییەكەی لە 22ی حوزەیرانی رابردوو بۆ سەر سێ وێستگە سەرەكییەكەی ئێران، بەتایبەتی وێستگەی فۆردۆ، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی پەك خستووە و یۆرانیۆم و كەرەستەكانی وێستگەكانی لەناو بردووە، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە گومان لە لەناوچوونی ئەو وێستگانە و یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی ئیران هەیە، بۆیە ئیسرائیل خۆی بۆ گەڕێكی تری شەڕ ئامادە دەكات.

راپۆرتە ئیسرائیلییەكان ئاماژە بۆ ئەگەرێكی زۆری دەست پێكردنەوەی شەڕ و هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەكەن، بەتایبەتی دوای راپۆرتەكانی باسی نۆژەنكردنەوەی بەرنامە مووشەكی و ئەتۆمییەكەی و كڕینی چەكی پێشكەوتووی چینی و رووسی دەكەن، رۆژنامەیەكی ئەمەریكیش لەسەر ئەو بنەمایانە دووپاتی دەكاتەوە كە دەست پێكردنی گەڕێكی تری شەڕ تەنیا پێوەستە بە كات و شەڕێكی توندتر لە رابردوو دەبێت.

رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی ئەو زیانەی لە هێرشەكەی حوزەیرانی رابردوو بەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران كەوتووە، نەگەیشتووەتە ئاستی وێرانبوونی تەواوەتی وەك پێشتر هاتە راگەیاندن، رۆژنامەكە لە چەند سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی گواستەوە كە ئەمباری یۆرانیۆمی ئێرانی بەشی بەرهەمهێنانی 11 بۆمبی ئەتۆمی دەكات، هاوكات تا ئێستە ئێران لە دامەزراوەیەكی نوێی ئەتۆمی بە ناوی چیای فاس كار لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم دەكات و رێگەش بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی نادات بچنە ناویەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل