هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئەمەریكا وەك هێزی سەربازی لە عێراق پاشەكشە ناكات و نیازی وایە پێوەندییەكانیان بۆ پێوەندیی دووقۆڵی جێگیر لە بوارەكانی ئاسایش و دیپلۆماسی بێتە گۆڕین، وەك شارەزایان دەڵێن ئەمەریكایە دەیەوێ پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق لە هاوپەیمانی لە دژی داعش بۆ هاوبەشییەكی درێژخایەن بە هاوشێوەی كوێت و ئوردن لە چوارچێوەی ستراتیجیەتێكی فرەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت.
عەباس جبووری شارەزای ستراتیجی دەڵێت، دوایین هەڵوێستی ئەمەریكا، واتە نەكشانەوەی سەربازی لە عێراق، دووپات لە خواستی واشنتن دەكاتەوە لە پارێزگاریكردن لە بوونی ستراتیجی لە عێراق و ناوچەكە، لەگەڵ دووبارە ناساندنەوەی پێوەندییە تەناهی و دیپلۆماسییەكانیان بەو شێوەی لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئێستە بێتە گونجان.
روونی كردەوە، راگەیاندنی واشنتن بە نیازی بۆ دروستكردنی پێوەندییەكی ئاسایی، خواستی ئەوە بۆ گۆڕینی بوونی لە عێراق لە هاوپەیمانی لە دژی داعش بۆ رێككەوتننامەی هاریكاریی دووقۆڵی درێژخایەن بە هاوشێوەی وڵاتانی تری ناوچەكە، ئەو هەڵوێستەش وەڵامدانەوەیەكی ناراستەوخۆیە بۆ لێدوانەكانی دوایی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە بابەتی داماڵینی چەكی میلیشیاكانی بە كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان بەستەوە.
شارەزایان پێیان وایە ئەو قسانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەرگە بە رووی هەوڵی كشانەوەی تەواوەتیی ئەمەریكا لە عێراق دادەخات، دووپاتیان كردەوە كە ئەمەریكا وا سەیری عێراق دەكات وەك تەوەرێكی سەرەكی لە ستراتیجیەتی لە ناوچەكە، بەتایبەتی لە سایەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە مانایەكی تر بوونی ئەمەریكا لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و چاودێریكردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دەمێنێت.
جبووری پێی وایە كەمبوونەوەی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و گۆڕانی شێوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق، تەنیا خۆرێكخستنەوەیەكی حسێبكراوە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی ئەمەریكا لە عێراق بە ئامرازی جیاواز و تێچووی كەمتری سیاسی، لە رێگەی رێككەوتننامەی دووقۆڵی بە هاوشێوەی كوێت و بەحرێن و ئوردن، كە ئازادییەكی زیاتری جووڵانەوەی دیپلۆماسی و سەربازی لە ناو عێراق بە واشنتن بدات.