لەو كاتەی بەرپرسانی ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدەن لبنان لە شەڕێكی تر دوور بخەنەوە و بیخەنە ناو گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و چەكی حزبوڵا داماڵن و دەستی ئێران لەو وڵاتە دوور بخەنەوە و ئاوەدانی بكەنەوە، حزبوڵا هەموو ئەوانە رەت دەكاتەوە و هەڕەشەی شەڕی ناوخۆ دەكات، حكوومەتی لبنان كەوتووەتە نێوان گوشارەكانی ئەمەریكا و هەڕەشەكانی حزبوڵا، ئیسرائیل كە هەڕەشە لە لبنان دەكات، بە نیازی چییە؟
بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن رێگە بەوە نادەن حزبوڵا هێزی سەربازیی خۆی بنیات بنێتەوە و كار بۆ نەهێشتنی هەڕەشەكانی دەكەین، بۆیە ئەگەر سوپای لبنان هەنگاوی پێویست بۆ داماڵینی چەكی ئەو حزبە نەنێت، ئەوە ئیسرائیل ئەو كارە دەكات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر بیكات، بە هەنگاو و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا لە خاكی لبنان دەكشێنەوە، بۆیە ئێستە ئیسرائیل گوشار لە سوپای لبنان دەكات لەو بابەتە.
رۆژنامەی "یسرائیل هیوم"، رووناكی خستە دۆخی لبنان و حزبوڵا و توانا سەربازییەكانی هەردوولا و ئاماژەی كرد كە ئەگەرچی ئێستە ئەو حزبە بەهۆی لاوازیی سەركردایەتییەكەی و كەمیی پارە و چەكەوە دەناڵێنێت، بەڵام خەریكی خۆبنیاتنانەوەیە، بۆیە ئیسرائیل چەند سیناریۆیەكی لەپێشە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیدا، لەوانە:
یەكەم/ بەردەوامبوون لەسەر هێرشی رۆژانەی ئاسمانی بێ چوونە ناو شەڕێكی فرەوان، دووەم/ چڕكردنەوەی ژمارەی هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر ژێرخانی حزبوڵا لە تەواوی لبنان، رەنگە ئەوەش وا بكات حزبوڵا وەڵام بداتەوە و شەڕ فرەوانتر ببێت، سێیەم/ هێرشی ئاسمانی و زەوینی ئیسرائیلی لە ناوچە سنوورییەكان، بەڵام رەنگە حزبوڵا بۆردمانی سنوورەكانی ئیسرائیل بكات و ئەوەش ئیسرائیل نایەوێت، چوارەم/ بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل هاوكات لەگەڵ داماڵینی چەكی حزبوڵا لە لایەن سوپای لبنان لە كۆتای ئەمساڵ.