بڕیارە سبەی سێشەم 11ی تشرینی دووەمی 2025 ملیۆنان دەنگدەر روو لە بنكەكانی دەنگدان لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 329 كورسی پێك هاتووە، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە و میلیشیاكان گورزێكی گەورەیان بەر دەكەوێت.
بەپێی
راپۆرتەكان گۆڕانكاریی گەورە ناو ماڵی شیعە بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێران و زیادبوونی هەژموون و هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە میلیشیاكان و بایكۆتی سەدرییەكان روو دەدات، پێشبینیی گۆڕانكاری لە هاوسەنگی هێز لە روودانی گۆڕانكاریی گەورە لە پرۆسەی دەكرێت.
بەپێی راپۆرتی گرووپی سەربەخۆی توێژینەوەكان كە مونقیز داغر بەڕێوەی دەبات، رێژەی پێشبینیكراوی بەشداریكردن لە دەنگدانی سبەی سێشەم 30 بۆ 40%یە لە كۆی ئەوانەی كارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە، واتە بەشداریی كردەنی زۆر لەوە كەمتر دەبێت، ئەوەش مانای بەردەوامیی نەبوونی متمانەیە بە پرۆسەكە و نەبوونی قەناعەتی گەلی عێراقە بە گۆڕانكاری و چاكسازی لەو رێگەوە.
راپۆرتی ئەو گرووپە پێشبینی دەكات ئەنجامەكان لە عێراق بێ كورد بەو شێوەیە بێت، 29% بۆ سوودانی و 14% بۆ حەلبووسی و 11% بۆ مالیكی و عەسائیب 6%، سەربەخۆ و هێزە بچووكەكان هەموویان 19% و 10%ی دەنگدەران دوودڵن و خۆیان یەكلا نەكردوەتەوە، كێشە و گۆڕانكاری و ململانێكە لە ناو ماڵی شیعەیە، بەتایبەتی لە نێوان سوودانی لەگەڵ نووری مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی، ناوەندی ئیمارات بۆ توێژینەوەش دەڵێت، لەو هەڵبژاردنە سوودانی لە نێوان 40 بۆ 45 كورسی دێنێت، مالیكیش 30 بۆ 33 كورسی و بەدر و عەسائیب 18 بۆ 20 كورسی و ئەوانیتر 25 كورسی، واتە كورسیی شیعە هەر وەك زۆرینە لە پەرلەمان دەمێنێتەوە.
هەرچی سوننەیە كە 70 كورسیان هەیە، كێبەركێ لە نێوان حەلبووسی و موسەنا سامەرایی و خەمیس خەنجەر دەبێت و ئەگەری هەیە حەلبووسی 35 بۆ 40 كورسی بەدەست بێنێت، بەڵام مەرج نییە بۆ سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە، هەرچی كوردە كە 60 كورسیان هەیە، زۆرینەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.
یەكێك لە خاڵە زەقەكانی ئەم هەڵبژاردنە، لاوازیی بەشداریكردنی سیاسییانەی میلیشیاكانە، بۆیە پێشبینی دەكرێت هەر هەموویان 25 كورسی لە كۆی 329 كورسی بەدەست بێنن، ئەوەش گورزێكی گەورە و پاشەكشەیەكی گەورەیە بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، هۆكارەكەشی گوشارە داراییەكان و سزاكانی ئەمەریكایە، جیا لە كەمبوونەوەی بنكە جەماوەرییەكانیان لە باشووری عێراق لە دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ئەو دۆخەی دوای ئەوە دروست بوو.