وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی ئێران دەداتەوە

:: PM:08:07:10/11/2025 ‌

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەڵامی لێدوانەكانی ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق دەداتەوە، لە بەیاننامەیەك سەرسڕمانی بەرانبەر بە لێدوانەكانی دەردەبڕێت و دووپاتی دەكاتەوە كە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق پرسێكی ناوخۆییە و پێوەندیی بە خواستی گەلی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەكانییەوە هەیە.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دەرەوە چاودێریی لێدوانەكانی ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی لەبارەی هەڵبژاردنی عێراق كرد و سەرسڕمانی خۆی بۆ ئەو لێدوانە دەردەبڕێت، كە بە دەمارگیر و دەستوەردانێكی روون و رەتكراوەی بۆ كاروباری ناوخۆی عێراق دادەنێت.

روونی كردەوە، پرۆسەی هەڵبژاردن بابەتێكی تەواو نیشتمانییە و راستەوخۆ پێوەندیی بە خواستی گەلی عێراق و دامەزراوە نیشتمانییەكانی هەیە، وەزارەتی دەرەوە دووپاتی دەكاتەوە كە عێراق پێوەندیی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێكانی لەسەر بنەمای رێزگرتنی سەروەریی یەكتر و دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆیی وڵاتان هەیە.

لە بەیاننامەكە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپات لەوە دەكاتەوە كە پارێزگاریكردن لە دراوسێتی باش پێویست بە پابەندبوونێكی ورد بەو پرەنسیپانە و خۆبەدوورگرتن لە هەر لێدوانێك یان هەڵوێستێك دەكات كە پێشێلی سەروەریی عێراق بكات یان دەست بخاتە ناو كاروبارە ناوخۆییەكەیەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل