سبەی سێشەم 11ی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت و ملیۆنان دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاشكرای دەكات كە رێژەی دەنگدەرانی ژن كە بۆیان هەیە سبەی بەشداری لە پرۆسەكە بكەن 43%ی كۆی دەنگدەرانە.
عیماد جەمیل بەرپرسی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، كۆی ئەو ژنانەی بۆیان هەیە لە دەنگدانی سبەی بەشداری بكەن 43%ی كۆی دەنگدەرانە لە عێراق، واتە ژمارەیان نۆ ملیۆن و 700 هەزارە و دەتوانن دەنگ بدەن.
ژمارەی كاندیدانی عێراق كە كێبەركێ لەسەر 329 كورسیی پەرلەمانی عێراق دەكەن دەگاتە 7774 كاندید، لەوانە 2247یان ژنن، سەلما بەحرانی وەك دەنگدەرێكی ژن دەڵێت، لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو هیچ ژنێك نەبوو نوێنەرایەتیی ئێمە بكات یان لە رێگەی یاساكانەوە داوای مافی ئێمە بكات و جێگیری بكات، بۆیە دەنگی ئێمە بۆ پیاوان چوو و بەشداریكردنمان هیچ سوودێكی نییە.
مریەم كەعبی دەنگدەرێكی تر دەڵێت، ژمارەی كاندیدانی ژن زیاد یان كەم بكات بۆ دەنگدەر ناگۆڕێت، چونكە زۆرینەی دەنگدەران بەدوای رێنوێنیی مەرجەعیەتی حزبی یان ئاینی و نەتەوەیی دەكەن و ئەزموونی پێشووش باشترین بەڵگەیە، تا ئێستە كاندیدە ژنەكان هیچ بەرنامەیەكی هەڵبژاردنی راستەقینەیان پێشكەش نەكردووە كە لەگەڵ خواستی ژنی عێراقی یەك بگرێتەوە.