وەزیرەكەی سەدر بۆ بایكۆتكاران: لە ماڵ بمێننەوە

:: PM:08:59:10/11/2025 ‌

بڕیارە سبەی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، رەوتی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر بایكۆتی پرۆسەكەی كردووە و ناوە ناوە لە رێگەی وەزیرەكەیەوە رێنوێنی بۆ ئەندام و لایەنگرانی رەوتەكە دەردەكات، لە شەوی هەڵبژاردن داوا لە بایكۆتكاران دەكات كە تا دوای كۆتاهاتنی دەنگدان لە ماڵ بمێننەوە.

ئەمشەو وەزیرەكەی سەدر لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، ئەی بایكۆتكاران داواتان لێ دەكەم كە بۆ سبەی، یەكەم/ تا بۆتان دەكرێت و بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە، با ئەو رۆژەتان تا دوای نوێژی مەغریب رۆژی خێزان و مۆڵەت لە كاركردن بێت، دووەم/ سوود لەو كاتانە بۆ عیبادەتكردن و نوێژ و پارانەوە وەربگرن و رۆژی تاعەتی خوا بێت، جگە لە كارمەندانی كۆمسیۆن.

سێیەم/ بۆ هەر رێنوێنییەكی گشتی و تایبەت ئەگەر هەبوو ئامادە بن، چوارەم/ بەهیچ شێوەیەك كێشە و بەربەست بۆ پرۆسەی دیموكراسی دروست مەكەن ئەگەر خواریش بێت، پێنجەم/ ئەوەی ناچار بوو بەشداری لە پرۆسەكە بكات، بە هاوشێوەی هێزە تەناهییەكان بكات، شەشەم/ دوای كۆتاهاتنی پرۆسەی دەنگدان، بۆ مزگەوت و حوسێنییە و شوێنی پەرستن و كڵێساكان بچن و سوپاسی خوا بكەن بۆ نیشاندانتان رێگەی بایكۆتكردن، داوای سەلامەتی و سەركەوتن بۆ سەرۆكەكەتان دەكەم و سوپاس. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل