بڕیارە سبەی سێشەم 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاماژە دەكات هەموو پێویستییە تەكنیكی و لۆجیستییەكان تەواوە و چاوەڕوانی سبەی دەكەین لە سەعات 7:00ی بەیانی بنكەكان دەرگە بۆ دەنگدان بكەنەوە.
جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گوتی، هەموو رێوشوێنە تەكنیكی و لۆجیستییەكان بۆ دەنگدانی سبەی سێشەم ئامادەیە كە لە سەعات 7:00ی بەیانی دەست پێ دەكات تا 6:00ی ئێوارە كۆتایی دێت، 20 ملیۆن دەنگدەر دەتوانن لە زیاتر لە هەشت هەزار ناوەندی دەنگدان دەنگ بدەن، كە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە لە تەواوی عێراق لەخۆ دەگرێت.
روونی كردەوە، تیمەكان و ئامرازە تەكنیكییەكانی كۆمسیۆن لە هەموو بنكەكان هەن و دەنگدان بەپێی رێوشوێنی توند بۆ مسۆگەریی پاكی و دیودەری پرۆسەكە گیراوەتە بەر و بریكاری حزبەكان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەكە دەكەن.
هەر ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند كە وەك سووربوون لەسەر بەڕێوەچوونێكی پاكوخاوێن و دیودەرانەی پرۆسەی دەنگدان، رێگری لە هێنانەژوورەوەی مۆبایل و ئامرازی وێنەگرتن لە وێستگەكانی دەنگدان دەكرێت، بۆ پاراستنی نهێنیی دەنگدانەكە.
شایەنی باسە ئەمڕۆ عیماد جەمیل بەرپرسی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، كۆی ئەو ژنانەی بۆیان هەیە لە دەنگدانی سبەی بەشداری بكەن 43%ی كۆی دەنگدەرانە لە عێراق، واتە ژمارەیان نۆ ملیۆن و 700 هەزارە و دەتوانن دەنگ بدەن.