بەرپرسانی عێراق هەریەكەی بەشێوەیەك چوونە بنكەكانی دەنگدان و دەنگیان دا، سوودانیش دایكی لەسەر عەرەبانەیەك بوو و بردی بۆ بنكەی دەنگدان.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، دەنگدانی گشتی دەستی پێ كرد، بەرپرسانی عێراق سەردانی بنكەكانی دەنگدانیان كرد و دەنگی خۆیان دا.
هەریەك لە نووری مالیكی و فایەق زێدان و چەندان بەرپرسی تر دەنگیان دا، سوودانیش لەگەڵ دایكی كە لەسەر عەرەبانەیەك بوو، چووە بنكەیەكی دەنگدان و دەنگی خۆیان دا.
بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.
ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.