دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی كاتیی سووریا له كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كۆ بوونه‌وه، به دوایدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند، پێمان وایه حكوومه‌تی دیمه‌شق ده‌توانێ رابردووی خۆی تێپه‌ڕێنێت.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی رۆژنامه‌ی رۆژانه‌ی
"ئه‌هرام"ی میسری، ئه‌مڕۆ سێشه‌م 11ی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له دوای كۆبوونه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی كاتیی سووریا له كۆشكی سپی رای گه‌یاند، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین حكوومه‌تی سووریا، هه‌نگاوه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك بنێت كه رابردووی خۆی تێپه‌ڕێنێت.
كه‌ناڵی "قاهیره بۆ هه‌واڵ" بڵاوی كرده‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا، بڕیارێكی ئه‌مه‌ریكای وه‌رگرتووه كه ته‌واوی رێوشوێنه یاساییه‌كان، كه پێشتر به‌سه‌ر باڵوێزخانه و نێرده سوورییه‌كان سه‌پێنرابوو، له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵگیراون.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا شه‌وی رابردوو رای گه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی كاتیی سووریا رێككه‌وتوون. هاوكات بڕوای ته‌واوی هه‌یه كه شه‌رع ده‌توانێ ئه‌دای پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆك به‌باشی به‌ڕێوه ببات.
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له كۆشكی سپی ئه‌وه‌شی گوت، له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، پێوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ سووریا باش بكه‌ن.
كێشه‌ی سووریا له ساڵی 2011ه‌وه ده‌ستی پێ كرد كه خۆپێشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كه له‌و وڵاته ده‌ستی پێ كرد و مه‌به‌ستی ئۆپۆزسیۆنیش رووخانی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د بوو. دواتریش رووسیا و ئێران به روونی هاتنه سه‌ر خه‌ت و پاڵپشتیی رژێمه‌كه‌یان كرد و له رووخان رزگاریان كرد، به‌هۆیه‌وه سه‌تان هه‌زار كه‌س كوژران و میلۆنانی تریش ئاواره بوون و وڵاته‌كه‌یان جێهێشت. ئێسته‌یش ئۆپۆزسیۆن به پاڵپشتی توركیا ئه‌و وڵاته‌ی كۆنترۆڵ كردووه.
چه‌كدارانی ده‌سته‌ی ته‌حریری شام و گرووپه هاوپه‌یمانه‌كانی كه له‌لایه‌ن توركیاوه پاڵپشتی ده‌كرێن، له 26ی تشرینی دووه‌مه‌وه ده‌ستیان به هێرشێكی به‌رفراوان كرد بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د، دواتریش بگه‌نه دیمه‌شق و له به‌ره‌به‌یانیی زووی هه‌شتی كانوونی یه‌كه‌می 2024 رژێمه‌كه‌یان رووخاند، به‌شار ئه‌سه‌د و خێزانه‌كه‌ی سووریایان به‌ره‌و رووسیا جێهێشت و هه‌ڵاتن.
ئێسته ته‌حریر شام كۆنترۆڵی وڵاته‌كه‌ی كردووه و ئه‌حمه‌د شه‌رع فه‌رمانده‌ی ته‌حریر، وه‌ك سه‌رۆكی كاتیی سووریا ده‌ستنیشان كراوه و حكوومه‌تی كاتیی له‌و وڵاته دامه‌زراندووه. به هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێ كه پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌خۆوه ببینێت و ئاسایی بكرێته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌یش ئیسرائیل زۆر ناوچه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌كاته ئامانجی هێرشه ئاسمانییه‌كانی.