ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی كاتیی سووریا كه ناوه جیهادییه‌كه‌ی ئه‌بو محه‌مه‌د جۆلانییه رای گه‌یاند، هه‌نووكه سووریا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ناچێته ناو په‌یماننامه‌ی ئیبراهیمییه‌وه، به‌ڵام هیوای خواست دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له دانوستاندنه‌كانیان له‌گه‌ڵ ته‌لئه‌بیب هاوكارییان بكات.
شه‌رع دوێنێ له واشنتن بوو و له‌گه‌ڵ تره‌مپ كۆ بووه‌وه. مه‌به‌ست له سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر سووریا بوو، به‌ڵام داواكه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرا، چونكه لابردنی گه‌مارۆكان پێویستیی به بڕیاری كۆنگرێسه. تره‌مپ شه‌ش مانگ هه‌ڵپه‌ساردنی سزاكانی درێژ كرده‌وه.
له به‌رانبه‌ردا تره‌مپ داوای لێ كرد بچێته ناو په‌یماننامه‌ی ئیبراهیمی. له‌مباره‌یه‌وه له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ فۆكس نیوز شه‌رع رای گه‌یاند، "پێم وایه بارودۆخی سووریا جیاوازه له‌و وڵاتانه‌ی چوونه‌ته ناو په‌یماننامه‌ی ئیبراهیمییه‌وه، سووریا هاوسنووره له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، ئیسرائیلیش له 1967ه‌وه به‌رزاییه‌كانی جۆلانی داگیر كردووه. ئێسته ناچینه ناو هیچ دانوستاندنێكی راسته‌وخۆوه."
پێشكه‌شكاره‌كه پرسیاری لێ كرد كه تره‌مپ ده‌یه‌وێت سووریا بچێته ناو په‌یماننامه‌ی ئیبراهیمییه‌وه، هاوكات دیمه‌شق ددان به ئیسرائیل‌دا بنێت وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی جوویی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.
له وه‌ڵامدا شه‌رع گوتی، ئێسته به‌شداریی په‌یماننامه‌ی ئیبراهیمی ناكه‌ن، به‌ڵام روونی كرده‌وه كه "له‌وانه‌یه ئه‌مه‌ریكا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك تره‌مپ بتوانێت یارمه‌تیمان بدات بگه‌ین به‌و ئاسته له دانوستاندن."