وەزیرێکی ئیسرائیل بە بۆنەی تێپەڕاندنی خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای لەسێدارەدان شیرینی دابەش دەکات

:: PM:03:38:11/11/2025 ‌


ئیتامار بنزەفیر، وەزیری توندڕەوی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، بە بۆنەی دەربازبوونی پڕۆژەیاسایەک، لە خوێندنەوەی یەکەم، بۆ لەسێدارەدانی زیندانییە فەلەستینییەکان، شیرینی لە ناو پەرلەمانی ئیسرائیل (کەنیسێت) دابەش کرد. 

کەنیسێت خەریکی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایەکە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی ئیسرائیلی، کە رێ بە لەسێدارەدانی تاوانبارە "تیرۆرستەکان" دەدات.

 دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسایەکە، بنزەفیر شیرینی لە ناو کەنیسێت بەخشیەوە. لە ئیسرائیل سزای لە سێدارەدان بۆ هەندێک تاوانی دیاریکراو هەیە، بەڵام وڵاتەکە لە ساڵی 1962ەوە کەسی لە سێدارە نەداوە. دواهەمین کەس ئەدۆلف ئایخمان بوو، کە بەشدار بوو لە هۆلۆکۆست. 

وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل هەڕەشەی کشاندنەوەی حزبەکەی لە حکوومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهۆ کرد ئەگەر پڕۆژەیاسایەکە نەخرایە بەر دەنگدان. 

بە گوێرەی هەموارە پێشنیازکراوەکە، سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە بە هاندەری "رەگەزپەرستانە" ئیسرائیلییەکان دەکوژن و زیان بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەگەیەنن.

 لەم بارەیەوە لیژنەی ئاسایش لە کەنیسێت رای گەیاند مەبەست لە یاسایەکە "ریشەکێشکردنی تیرۆرە و دروستکردنی بەربەستێکە لە دژی."

 نزیکەی نۆ هەزار و 500 گیراو لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل هەن، ئەگەر پڕۆژەکە ببێتە یاسا ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەبێت.



وشە - محەمەد كامەران