زاڵمای خه‌لیلزاد باڵوێزی پێشتری ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌فغانستان و عێراق رای گه‌یاند، "ئه‌گه‌رچی هێشتا زووه باس له ئه‌نجامه كۆتاییه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام له كوردستان حزبه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی "پارتی"، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به‌ده‌ست هێناوه، چونكه سه‌رووی یه‌ك ملیۆن ده‌نگی بردووه."
خه‌لیلزاد په‌یامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی
X داناوه. له په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سه‌ره‌ڕای ناڕوونییه‌كان، به باشی به‌ڕێوه چوو و "رێژه‌ی به‌شداریی به به‌راورد به هه‌ڵبژاردنی پێشوو به‌رزتر بوو، سه‌ره‌ڕای بایكۆتكردنی موقته‌دا سه‌در."
دیپلۆماتكاره پێشووه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سه‌در گوتی، "پێ ده‌چێت كاریگه‌رییه‌كه‌ی لاواز بووبێت."
سه‌در به‌ر له هه‌ڵبژاردن چه‌ند جارێك داوای له پاڵپشتیكه‌رانی خۆی كرد له ماڵه‌وه دانیشن و نه‌چن بۆ ده‌نگدان.
له درێژه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا خه‌لیلزاد گوتی، لیسته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی له پێش لیسته عه‌ره‌بییه‌كانی تره‌وه‌یه، "به‌ڵام سبه‌ی زیاتر ده‌زانین."
له هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوێنێی په‌رله‌مانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تۆمار كرد، بوو به حزبی ملیۆنی و یه‌كه‌می سه‌ر ئاستی عێراق.