عێراقچی: دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان پەكیان كەوتووە و پیتاندنی یۆرانیۆم وەستاوە

:: PM:06:21:16/11/2025 ‌

دوای ئەوەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لە 13ی حوزەیرانی رابردوو هێرشێكی گەورەی ئاسمانیان كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران و بۆردمانیان كرد، واشنتن رای گەیاند كە وێستگە ئەتۆمییەكان و ئامێرە پێشكەوتووەكانی ئێران پەكیان كەوتووە، كەچی راپۆرتەكان دووپاتیان كردەوە كە ئێران یۆرانیۆمەكەی بۆ شوێنێكی تر گواستووەتەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، پیتاندنی یۆرانیۆم وەستاوە.

تەواوی راپۆرتەكان، جگە لە واشنتن، باسی ئەوە دەكەن ئێران خەریكی بنیاتنانەوەی بەرنامە مووشەكی و ئەتۆمییەكەی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆكە جەنگییەكانیەتی و بۆ ئەو مەبەستەش سوود لە رووسیا و چین و كۆریای باكور دەبەستێت، ئەو وێستگەیەكی پارێزراوتری ئەتۆمی دروست كردووە و ئەگەری زۆرە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی بۆ ئەوێ گواستبێتەوە دوور لە چاوی پشكنرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیداری ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"، گوتی، بەهۆی هێرشەكەی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان، ئێستە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران وەستاوە و تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمین، بۆیە ئێستە لە هیچ شوێنێك ئەو كارە ناكرێت.

لەبارەی دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكان عێراقچی روونی كردەوە، پەیامی ئێران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی روونە، ئێران مافی پیتاندن و بەكارهێنانی ئاشتییانەی تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی هەیە، لەوانەش پیتاندنی یۆرانیۆم و نكووڵی لەوە ناكرێت، مافی ئەوەمان هەیە و لەو كارەش بەردەوام دەبین و هیوادارین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددان بەوەدا بنێت، لەوانەش ئەمەریكا و لەوە تێبگات كە ئەوە مافێكی جێگیری ئێرانە و بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری نابین. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل