ئەمشەو كۆمسیۆنی بایی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئەنجامی كۆتایی پرۆسەی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەیرلەمانی عێراق راگەیاند كە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، لە ئەنجامەكان هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمیەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پلەی یەكەم هات و 46 كورسی لە سەرانسەری عێراق بەدەست هێنا، شرۆڤەكارێك بە دووری دەزانێت ئەو بتوانێت خولێكی تری سەرۆك وەزیران بەدەست بێنێت.
ئەحمەد خزر شرۆڤەكاری سیاسی لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژە دەكات، پرۆسەی زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی سێقۆڵی كە لە دوای هەڵبژاردنی 2021 هاتە كایەوە، واتە سەدر و حەلبووسی و پارتی، لە لایەن سوودانی و هاوپەیمانیەتییەكەی نیوچە ئەستەمە.
لەبارەی هۆكارەكەی روونی كردەوە، هاوپەیمانییەكەی سوودانی قورسایی جەماوەری و نوێنەرایەتیی گەورەی پەرلەمانی بە هاوشێوەی رەوتی سەدر نییە بۆ ئەوەی ببێتە جێی متمانەی لایەنەكانی تری جگە لە شیعە، هەروەها ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێ ئیعمار و تەنمیە گەورەترین بارستەی پەرلەمانییە و بەو شێوەیە دەتوانێت لەگەڵ هاوپەیمانییەكانی تر و بێ سوودانی حكوومەت پێك بێنێت.
خزر دووپاتی كردەوە، جگە لەوانە هێزە سوننە و كوردییەكان نیازیان نییە بە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ یەك لایەنی شیعە و جێهێشتنی هەموو ئەوانیتر، كە زۆرینەن، سەركێشی بكەن، ناكرێ بۆ 48 كورسی واز لە 100 كورسی بێنیت، قسەكردنیش لەبارەی دەستوەردانی ئەمەریكا و سەپاندنی سوودانی بۆ ماوەیەكی تری سەرۆك وەزیران تەنیا دەنگۆیە بۆ مەبەستی سیاسی.
ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی كرد كە ئەمەریكییەكان ئەو كارە ناكەن و بنەمای كاری ئەوان نییە، ئەوان كەسایەتییەكی سیاسیی ناوەند و میانڕۆیان دەوێت دوور لە كاریگەریی ئێران كە كۆدەنگی شیعە و سوننە و كوردی لەسەر بێت و ئاستێكی باڵای هاریكاری لەگەڵ واشنتن هەبێت و بە گرنگیی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق و پێویستیی پەرەپێدان و پاراستنی لەهەر هەڕەشە و كاریگەرییەكی ناوخۆیی و ناوچەیی بزانێت.