چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێكهێنانی گەورەترین بارستە رادەگەیەنێت

:: PM:11:04:17/11/2025 ‌

ئەمشەو هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە، كۆبوونەوەیەكی گرنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە لە بەغدا بەڕێوە چوو و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ تاوتوێ كرا، چوارچێوەكە پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی راگەیاند.

فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، چوارچێوە 250مین كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبوونی تەواوی سەركردەكانی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر لە بەغدا ساز كرد، سەرەتا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی لە گەلی عێراق و هێزە سیاسییەكان كرد.

بەپێی بەیاننامەكە بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان لەوە كردەوە كە هاریكاریی نیشتمانی بنەمای سەرەكییە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو و چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی دووپاتیان لە گرنگیی تەواوكردنی بەركەوتەكانی هەڵبژاردن لە ماوە دیاریكراوە دەستوورییەكان و پابەندی بە وادە دەستوورییەكان بۆ مسۆگەری ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و رێزگرتن لە خواستی دەنگدەران كردەوە.

لەو ناوەدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی واژووی لەسەر ئەوە كرد كە چوارچێوەكە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە گەورەترین بارستەی پەرلەمانییە و دەست دەكات بە كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانێك بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆیە بڕیار درا بە پێكهێنانی دوو لیجنەی باڵا، یەكەمیان پێوەست بە گفتوگۆكردن لەبارەی بەركەوتە نیشتمانییەكان بۆ قۆناغیی داهاتوو و دانانی دیدێكی یەكگرتوو بۆ پێویستییەكانی ئیدارەدانی دەوڵەت و دووەم ئەركی دیداری كاندیدانی پۆستی سەرۆك وەزیران بە پێی پێوەرە پیشەیی و نیشتمانییەكان دەگرێتە ئەستۆ.   

هەر لەو كۆبوونەوە كفتوگۆ لەبارەی پێوەرە پێڕەوكراوەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و داڕشتنی بەرنامەی حكوومەتی نوێ كرا بەو شێوەی لەگەڵ ئاڵنگارییە سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییەكان كە رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە بگونجێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل