سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا: سوودانی نابێتەوە سەرۆك وەزیران

:: PM:09:37:18/11/2025 ‌

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەستی بە كۆبوونەوە كرد و خۆی وەك گەوەرترین بارستەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق راگەیاند، ئێستە كێبەركێیەكی توند لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەیوڵەتی یاسا لەسەر پۆستەكە هەیە، سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا دەڵێت سوودانی نابێتەوە سەرۆك وەزیران.

عەلا حەدادی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی، بەرهەڵستكارییەكی ئاشكرا بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی وەزیران بۆ سوودانی لە لایەن چەندان هێزی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە، لەوانە عەئاسیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی حزبوڵا و خەدەمات و دەوڵەتی یاسا، ئەوان نوێكردنەوە بۆ سوودانی رەت دەكەنەوە و پێیان وایە دەبێت كەسێكی تر پۆستەكە ببات.

روونی كردەوە، هەر هێزێكی ناو چوارچێوە خواستی ئەوەی هەیە كاندیدی ئەو ببێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام ئەوەی لەناو چوارچێوە كاری پێ دەكرێت گفتوگۆ و لەیەكتر وەرگرتنەوەیە نەك خۆسەپاندن، بۆیە بوونی ناڕەزایەتی لە لایەن لایەنە سەرەكییەكانی ناو چوارچێوە بۆ هەر كاندیدێك دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی، چونكە پاراستنی یەكێتیی چوارچێوەكە و قبووڵكراوی سیاسییانە و خۆدوورخستنەوە لە خستنەڕووی كەسایەتییەكی مشتومرش لەسەر ئامانجە گرنگەكەیە.

حەدادی دووپاتی كردەوە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە میكانیزمی بڕیاردانی ناوخۆیی پشت بە قەبارەی كورسیی پەرلەمانی نابەستێت، مێزی كۆبوونەوەكانی بازنەییە و بێ سەرۆكە و یەك بڕیاری هەیە، پێوەری دیاریكردنی هەر كاندیدێكیش دەوەستێتە سەر ئەوەی بتوانێت قەناعەت بە هەمووان بكات و بەهێزترین توانای سیاسی پێشكەش بكات، نەك كێ زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری هەیە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل