لەوكاتەی بینە و بەردەیەكی زۆر لە میدیا و سۆشیال میدیا لەبارەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو و كاندیدانی هەیە، باسی ئەوەش دەكرێت كە ئێران و ئەمەریكاش لەسەر خەتن لەو بابەتەدا، بەرپرسێكی شیعە ئاماژە دەكات كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە چەند رۆژی داهاتوو ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران رادەگەیەنێت، كە كەسێكە پێشتر ناوی وەك كاندیدی پۆستەكە نەهاتووە.
محەمەد مەیاحی پارێزگاری واست و سەرۆكی لیستی "واست بە خزمەتگوزاری جوانترە" گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی نوێ رادەگەیەنێت و سوودانیش یەكێكە لە كاندیدان، چوارچێوەكە بە نیازە بۆ داهاتوو سوپایەك راوێژكار بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ دابنێت بۆ پاڵپشتیكردنی لە دۆسیەی پێوەندییەكانی دەرەوە و تەنگژەی دارایی و بەڕێوەبردنی كاروباری وڵات.
روونی كردەوە، چەند مانگێكە پرۆسەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوە تاوتوێ دەكرێت، پێشبینی دەكرێت راسپاردنی بكەوێتە پێش كۆتایی ساڵ، ئاشكرای كرد كە كاندیدی سەرۆك وەزیران دەناسێت و پێشتر ناوی وەك كاندیدی بۆ پۆستەكە نەهاتووە.
بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بڕیارە لیژنەیەكی باڵا لە چوارچێوەكە چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەست پێ بكات و بەر لە كۆتایی هەفتەی داهاتوو راسپاردەی خۆی پێشكەش بكات، پێوەری سەرەكیش بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران قبووڵكراوییە لە لایەن ئێران و توانای ئیدارەدانی ناوماڵی شیعەیە دوور لە بەریەككەوتن، بەڵام هێزە شیعەكان ئەو راستییە دەزانن كە دیاریكردنی كەسێكی تەواو لایەنگری ئێران دەرگەی تەنگژە لەگەڵ ئەمەریكا و رۆژئاوا واڵا دەكات، بەرگەگرتنی ئەوەش لە توانای عێراق لە رووەكانی ئابووری و تەناهی نییە، بۆیە دەیانەوێ كەسێكی نەرم و دوور لە لایەنگریی تەواوی دەرەكی دیاری بكەن.