ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم هێزەكانی سووریای دیموكرات رای گەیاند كە دوو درۆنی داعشی لە بەرەی گوندی غانم علی لە دشتی رۆژهەڵاتی پارێزگای رەقە تێكشكاندووە، درۆنەكان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی حكوومەتی سووریا هەڵدراون.
هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، درۆنی یەكەم لە جۆری " Matrice M30" بووە و دووەمیش لە جۆری " FPV "، كە دەست بەسەر پاشماوەی تێكشكاویان گیراوە و پشكنینیان بۆ كراوە، تیمێكی تەكنیكی توانی دەست بەسەر میمۆری درۆنی یەكەم بگرێت و دوای شیكردنەوەی زانیارییەكانی دەركەوت ئەو تیمەی فڕۆكەكەی هەڵداوە بریتی بوونە لە گرووپێك چەكداری بیانیی سەر بە رێكخراوی داعش و لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی دیمەشق جێگیر بوونە بەرانبەر بە ناوچەكانی هەسەدە.
هەسەد دووپاتی كردەوە كە ئەو كارە تێوەگلانی ژمارەیەك گرووپی چەكداری سەر بە حكوومەتی دیمەشق ئاشكرا دەكات لە هاریكاریكردنیان لەگەڵ چەكدارە بیانییەكانی داعش، كە توانوویانە سوود لە ناوچەكانی ئەوان وەربگرن بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانیان و ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەكە، هەوڵێكیشە بۆ بنیاتنانەوەی تواناكانی داعش.
هەسەدە داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بۆ چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە و لێكۆڵینەوەكردن لە تێوەگلانی داعش لە بەكارهێنانی درۆنەكان لە ناوچەكانی بەریەككەوتن لەگەڵ هێزەكانی دیمەشق و راوەدوونانی ئەو لایەنانەی لە رووی تەكنیكی و لۆجیستییەوە پاڵپشتیان دەكەن، پشتگوێخستنی ئەو پێشێلكارییانەش هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەكە دروست دەكەن و بوار بۆ رێكخراوەكە دەرەخسێنن بۆ دەست پێكردنەوەی چالاكییەكانی.