ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی ئێران ئامادە دەكات

:: PM:06:03:02/12/2025 ‌

ئیسرائیل لە شەڕ لە دژی ئێران و بەرەی مقاوەمە بەردەوامە، راپۆرتەكانی هەواڵ ئاماژە دەكەن كە قۆناغێكی تری شەڕ بەڕێگاوەیە و تەنیا كاتەكەی دیار نییە، ئەگەری زۆرە شەڕەكە لە لبنان بێت و ئێرانیش بگرێتەوە، بۆیە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی بەرانبەر و پێشوەختەی ئێران ئامادە دەكات.

وەك رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی باسی كرد، بەپێی خەمڵاندنە تەناهییەكانی ئیسرائیل، ئەوجارە تاران تەنیا هێرش ناكاتە سەر دامەزراوە سەربازییەكان، بەڵكو هەوڵی كوشتنی زانا و ئەندازیار و شارەزا سەربازییەكانی ئیسرائیل دەدات كە لە پیشەسازی سەربازی و ئاسمانیی ئەو وڵاتە كار دەكەن، وەك بەڕێوەبەرانی سیستمی گومەزی ئاسنین. 

لەوەتی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی رابردوو، هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیل دەستی بە رێوشوێنی توندی پاراستن بردووە، نەك تەنیا بۆ پاراستنی كەسایەتییە باڵاكانی سوپا، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر كەسایەتی و ئەفسەر دەگرێتەوە، بەشێوەیەك هەر گەشتێك ئەو كەسایەتیانە بۆ دەرەوەی ئیسرائیل ئەنجامی بدەن، ئەگەر كەسیش بێت، بەپەلە هەڵسەنگاندنی تەناهی و رێوشوێنەكانی چاودێریكردنی بۆ دەكرێت.

لە ماوەی رابردوو راپۆرتێكی ئیسرائیلی ئاماژەی بۆ هەوڵەكانی ئێران كرد بۆ سیخوڕیكردن لە رێگەی بەرنامەكانی ئینتەرنێتەوە بەسەر دامەزراوە و كەسایەتییە ئیسرائیلییەكان، لەوانە فەرماندەی سەربازی و زانا و شارەزایانی چەك و ئەتۆمی، ئەوەش وەك ئامادەسازییەك بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل لەكاتی هەڵگیرسانی گەڕێكی تری شەڕ لە نێوانیان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل