شێخێكی درووزەكان لە سوێدا كوژرا

:: PM:06:58:02/12/2025 ‌


پێكهاتەی درووز یەكێكن لە پێكهاتە دیارەكانی سووریا، لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی ساڵی رابردوو ناویان زیاتر لە میدیاكان دێت، ئەوان سیاسەتە ناوەندییەكانی دیمەشق و دداننەنان بە مافەكانیان و رادەستكردنی چەك رەت دەكەنەوە، ئەمڕۆ سێشەم دوای دوو رۆژ لە گرتنی، شێخێكی لایەنگری حكوومەتی سووریا لە سوێدا كوژرا.

وەك لە میدیاكانی سووریا هاتە بڵاوكردنەوە، شێخ رائید متنی، یەكێك لە شێخە باڵاكانی درووز لە سوێدا كوژراوە، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە گرتنی لە لایەن "پاسەوانی نیشتمانی"، كە گرووپێكی سەربازی سەر بە شێخ حیكمەت هیجرییە لە سوێدا، گرتنی ئەو بە تۆمەتی هاریكاری بووە لەگەڵ حكوومەتی سووریا. 

هەر بەپێی میدیاكان، ئەمڕۆ دوای كوژرانی متنی، پاسەوانی نیشتمانی هەڵمەتێكی گرتنی خێزان و كەسوكاری ئەویان جێبەجێ كردووە، لای خۆیانەوە چالاكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تۆمارێكی ڤیدیۆییان بڵاو كردەوە تیایدا چەكدارانی درووز دوای گرتنی، ئازاری متنی دەدەن و سمێڵ و ردێنی دەتاشن.

لە مانگی تەمووزی رابردوو لە پارێزگای سوێدای درووزنشین شەڕێكی سەخت لە نێوان چەكدارەكانی ئەو تایفەیە و چەكداری خێڵەكانی ناوچەكە رووی دا، حكوومەتی سووریا چووە پاڵ خێڵەكان و سەتان كەس بەهۆی شەڕەكەوە كوژران، تا بە گوشاری ئەمەریكا و ئیسرائیل  و نێودەوڵەتی ئاگربەست هاتە راگەیاندن، لەو ساتەوە ناوە ناوە شەڕ دروست دەبێت.

ئێستە لە سوێدا گرووپەكەی شێخ حیكمەت هیجری باڵادەستن و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و دانانی چەك رەت دەكەنەوە و گوشار دەخەنە سەر هەر لایەنێك دژی ئەو ئاراستەیە بێت، ئەوەش تیشك دەخاتە سەر بوونی بۆچوونی جیاواز لە نێوان سێ شێخەكەی رابەرایەتیی تایفەی درووز لە سووریا دەكەن، بەتایبەتی پارێزگای سوێدا كە زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتیی درووزی تیادا دەژیت.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل