تا ئێستە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق پەسند نەكراوە و لە قۆناغی یەكلاكردنەوەی تانەكانە لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، ئەگەری هەیە تا پێش كۆتایی ئەمساڵ ئەنجامەكان پەسند بكرێن، شارەزایان پێیان وایە ناوی كاندیدیانی هەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق لە یەكەم هەفتەی 2026 یەكلا دەبنەوە.
عەلی ناسر شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، زیاتر لە 40 كەسایەتی هەن ئەوان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناویان خراوەتە روو و چاوپێكەوتن لەگەڵ زۆرێك لەوان كراوە و هەندێكیان بەو شێوەیە نەبوون كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیەوێت، روونی كردەوە، پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران لە ناوخۆ و دەرەوە قبووڵكراو بێت، بەتایبەتی هەندێك دەوڵەت هەن دەیانەوێ وەبەرهێنان لە عێراق بكەن و بۆ ئەوەش پێویستە مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ سەرۆك وەزیران هەبێت، ئەگەرچی بوونی سەرۆك وەزیرانێكی خاوەن كەسایەتییەكی سیاسی و ئابووری لە یەك كات زۆر زەحمەتە.
روونی كردەوە، هەرچی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمانە، لە ماوەی داهاتوو لە لایەن ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی دەخرێتە روو، كە دوای پێكهاتنی دەستی بەسەر بڕیاری سوننەدا گرتووە، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لە وادەی دیاریكراوی دەستووری یەكلا دەبنەوە و بەهۆی ئەو دۆخە هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دواناخرێن.
لای خۆیەوە ئەسیر شەرع شرۆڤەكاری سیاسی دووپاتی كردەوە كە سێ كەسایەتی لەناو بازنەی دەنگدانن لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئێستە چوارچێوەكە هانی پێكهاتەكانی تر دەدات بۆ پەلەكردن لە دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، بۆیە هەمووان چاوەڕوان بڕیارەكانی كۆمسیۆنن لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن و تانەكان، هەفتەی یەكەمی ساڵی داهاتوو وێنەكە و ناوی كاندیدان بۆ هەرسێ سەرۆكایەتییەكە روون دەبێتەوە.