عێراق و ئەمەریكا باسی پێكهێنانی حكوومە تی نوێ دەكەن

:: PM:10:36:02/12/2025 ‌

ئەمڕۆ سێشەم فوئادحوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ مایكل ریگاس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد لەوانە پێوەندییەكانی هەردوولا لە گشت بوارەكان و دۆخی ناوچەكە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، حوسێن لە بەغدا پێشوازی لە ریگاس كرد و باسی بەهێزكردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵاتیان كرد، بەتایبەتی لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و تەناهی، هەروەها  باسی كێشە و ئاڵنگارییەكانی ناوچەكەیان كرد، لەوانە دۆخی سووریا و ئێران، دووپاتیان لە گرنگیی كاركردن بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزی و پەرەسەندن لەسەر بنەمای لێكگەیشتن بۆ پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە كردەوە.

لە دیدارەكە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ گرنگی كەمكردنەوەی ئاڵۆ زییەكانی ناوچەكە كرد و دووپاتی لە رۆڵی عێراق بۆ پاڵپشتیكردنی سەقامگیری لە ناوچەكە كرد و باسی جموجۆڵە سیاسییەكان لە دوای هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كرد كە 11ی مانگی رابردوو هاتە سازكردن، دووپاتی لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت لە وادە دەستوورییەكان كردەوە بە رەچاوكردنی هاوسەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەكان بۆ مسۆگەریی رێكوپێكی پرۆسەی دیموكراسی و كاراكردنی پەرلەمان و حكوومەت.

هەر لە دیدارەكە ئاماژە بۆ كردنەوەی كونسوڵگەی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر كرا، كە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی هاریكاریی دیپلۆماسیی هەردوو وڵات، دووپاتیش لە پێویستیی كردنەوەی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە  بەسرە كرایەوە، حوسێن باسی گرنگیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگیی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا و هاریكاری لە بوارەكانی ئابووری و ژێرخان و وەبەرهێنان كرد، داوای لە ئەمەریكا كرد چاو بە وریاكردنەوەكانی لەبارەی گەشتكردن بۆ عێراق بخشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی سەقامگیریی تەناهیی عێراق و ئاسانكردنی هەلی وەبەرهێنان. 

لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رێزگرتنی وڵاتەكەی بۆ ئەو پێشوەچوونەی لە عێراق لە بوارەكانی سەقامگیری و ئاسایش بەدی هاتووە دەربڕی و دووپاتی لە پاڵپشتیی ئەمەریكا بۆ هەوڵەكان لەو بارەوە كردەوە، ئاماژەی بۆ گرنگی سەقامگیریی ناوچەكە و دنیا كردەوە، بەتایبەتی پێوەندییەكان لەگەڵ عێراق.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل