سوننە و شیعە یەكلای دەكەنەوە

:: PM:07:32:03/12/2025 ‌

خەریكە وادەی پێویست بۆ یەكلابوونەوەی تانەكانی هەڵبژاردن لە دەستەی دادوەری تەواو دەبێت و دوای ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی كاندیدە براوەكان رەوانەی دادگای فیدراڵی دەكرێت، ئینجا سەرۆك كۆمار بانگهێشتن بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ دەكات و لەوێ سەرۆكایەتییە نوێكان دێتە دیاریكردن، بڕیارە سبەی و هەفتەی داهاتوو سوننە و شیعە كاندیدانیان یەكلا بكەنەوە.

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە سبەی پێنجشەم ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە كۆبوونەوەیەكی گرنگ و فرەوان ساز بكات و بەركەوتەی هەڵبژاردنی پێكهاتەكە یەكلا بكاتەوە، جیا لە باسكردنی ئەو لێكگەیشتنەی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لە ناوخۆی ئەنجوومەنەكە و لە دەرەوەی پێی گەیشتوون. 

بڕیارە لە دانیشتنی سبەی كە سەركردەی هێزە سیاسییە براوەكانی سوونە ئامادەی دەبن، بگەن بەیەك هەڵوێست لەبارەی كاندیدی ئەوان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكانیتری سەر بە پێكهاتەی سووونە، لەسەر بنەمای سەنگی دەنگ و كورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن.

هەر ئەمڕۆ چوارشەم د. سەلام زوبێدی گوتەبێژی هاوپەیمانی "نەسر"ی حەیدەر عەبادی ئاشكرای كرد كە عەبادی رەتی كردووەتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ كاندید بكات، بەڵام خستنەڕووی ناوی وەك كاندید لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بووە، بابەتی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستەكە پێویستیی لە لێكگەیشتنی زیاتر هەیە و ئەگەری هەیە لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەكە لە دووشەمی داهاتوو ناسنامەی سەرۆك وەزیرانی نوێ بێتە دیاریكردن. 

بەپێی سەرچاوەكان تا ئێستە شەش كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەن و بریتین لە محەمەد حەلبووسی و سابت عەباسی و سالم عیساوی و مەحموود قەیسی و محەمەد تەمیم و موسەنا سامەڕایی، هەرچی كاندیدانی سەرەكیی سەرۆك وەزیرانن بریتین لە محەمەد شیاع سوودانی و نووری مالیكی و حەیدەر عەبادی و ئەسعەد عیدانی و باسم بەدری و حەمید شەتری و قاسم ئەعرەجی و هیتریش، ئەوە ئەگەر بە گوشاری ئەمەریكا و ئێران ناوی نوێ نەخرێنە روو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل