شیعە پێش هاتنی ساڤایا پۆستی سەرۆك وەزیرانیان بۆ یەكلا نەكرایەوە

:: PM:09:48:03/12/2025 ‌

هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدان لە هەڵبژاردنی 11ی مانگی رابردووی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە خۆیان وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و دەستیان بە تاوتوێكردنی ناوی كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كرد، بەڵام بەهۆی قووڵیی ناكۆكییەكانیان و گۆڕانكاریی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، تا ئێستە نەیانتوانیوە پۆستەكە یەكلا بكەنەوە.

لە كۆبوونەوەی دووشەمی رابردووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، پێداچوونەوە بە ئەنجامی كاری دوو لیژنەكە كرا كە بۆ چاوپێكەوتن و تاوتوێكردنی سیڤیی كاندیدان و تاوتوێكردنی میكانیزمی دیاریكرنی كاندیدان و دروستبوونی كۆدەنگی لە نێوان لایەنەكانی چوارچێوەكە پێكهێنرابوون، بەڵام بە هیچ ئەنجامێك نەگەیشتن، بۆیە پەنایان بۆ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجف برد، ئەویش رەتی كردەوە بێتە ناو ئەو بابەتە. 

چاودێران ئاماژە دەكەن كە پەنابردنی چوارچێوە بۆ نەجەف، بەرجەستەی بێتوانایی هێزە براوەكانی شیعە و قووڵیی ناكۆكییەكانیان دەكات، كە تا ئێستە نەیانتوانیوە لەسەر كاندیدێك بوەستن، كە باسی دەیان ناو دەكرێت، تاڵب محەمەد كەریم توێژەری سیاسی دەڵێت، دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، واتە بۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەبێت پێوەرەكە ئەوە بێت كە دەوڵەت خەتی سوورە و پارێزگاریكردن لە پێگەی دارایی و سیاسیی عێراق لە بەرژەوەندی تر گرنگترە.

روونی كردەوە، دۆخەكە پێویست بە گفتوگۆیەكی هێمنانە لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران دەكات، لەو رێگەیەوە حكوومەتی عێراق پابەندبوونی روون پێشكەش بكات بەوەی خاكەكەی لە ململانێی وڵاتانی تر بەكار ناهێنێت و پلانێكی كردەنی دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك و پاراستی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانە.  

لەو ناوەدا ئێستە چاوی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر هاتنی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی ئەمەریكایە، بەتایبەتی لە دوای لێدوانەكانی خۆی و تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا كە بەم دواییە سەردانی بەغدای كرد و دووپاتی لەسەر چەند پرسێك كردەوە لەوانە پێویستیی پێكهاتنی حكوومەتی نوێی عێراق دوور لە میلیشیاكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل